٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەشیر حەداد بۆ KDP: کورد واز لەمافە دەستوورییەکانی ناھێنێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی پێشوو دەڵێت، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق سیاسییە نەوەک دەستووری، بۆچی لە ۲۰۱۲ـەوە ئەم بابەتەیان خەواندوە و ئێستا دەیوروژێنن، ئەم بابەتە جێبەجێکردنەکەی ئاسان نیە و دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی ئایندە کە ھێشتا پێکنەھاتووە، ئەوان ڕێککەوتنی سیاسییان ھەیە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و کوردیش واز لەمافە دەستوورییەکانی ناھێنێت.

دوێنێ ۱٥ـی۲ـی۲۰۲۲ دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێکی دەرکرد، گوایە فرۆشتنی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان لەلایەن خۆیەوە نادەستوورییە، سەبارەت بەم پرسە، دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی پێشوو، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم بابەتە ئەوەندەی بابەتێکی یاساییە لە ئێستادا لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی سیاسی عێراقدا دەوروژێندرێ ئەوەندە بابەتێکی دەستووری نیە، ئەگەر وەک ئەوەی وان دەڵێن بۆ لە ۲۰۱۲ تاکو ئێستا ماوەتەوە و خەوێنراوە لە دادگای فیدڕاڵی تازە ئەم بابەتە دەوروژێنرێ، گەر سەیر بکەین لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا چەندین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەرچووە کە زۆربەیان دژ بە ھەرێمی کوردستان بووە، ھەر لە ڕەتکردنەوەی "بەڕێز وشیار زێباری" و ئەم بڕیارەش لەگەڵی بەیەکەوە ببەستینەوە، ئەوا بە بۆچوونی ئێمە ئەم بڕیارانە بڕیاری چاوەڕوانکرابوون چونکە ھەمان ئەم ئەقڵیەتە شۆڤێنیەی کە لە بەغدا لە ۲۰۰۳ تاوەکو ئێستا ھەر ھەبووە و ماوە، بەڵام ناوە ناوە ئەم ئەقڵیەتە بزر دەبوو یان دادەپۆشرا، کوردستان وای دەزانی نەماوە و ھاتوونەتە سەر ڕێگای گفتوگۆ و دیالۆگ، بەڵام نەخێر ئەم ئەقڵیەتە مەرکەزییە لە بەغدا ھەر باوە و ھەر ماوە".

د. بەشیر، دەشڵێ: "جێبەجێکردنەکەی زۆر ئەستەم و زەحمەت دەبێ، ئەمەش دەوەستێتە سەر چۆنیەتی پێکھێنانی حکوومەتی ئایندە، چونکە لایەنی جێبەجێکار بۆ ئەم بڕیارە حکوومەتە، حکوومەتیش ڕێککەوتن ھەیە لەنێوان ھەرێم و بەغدا، ئەمە کاتی زۆری دەوێ جێبەجێکردنی وا بە ئاسانی نیە حکوومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێ لە گشت بوارەکانی نەوت و بوودجە و بە بوارەکانیتریشەوە".

جێگرەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەخولی پێشوو، زیاتر گووتی: "لەبەر ئەمە ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی وانیشاندەدا کە دۆسیەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بابەتێکە لە دەسەڵاتەکانی فیدڕاڵیە، کە ئەمەش وانیە دەسەڵاتەکانی فیدڕاڵی واتا "حەسڕی"لە دەستووری عێراقدا کەچەندە لە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدڕاڵیە، بەڵام بابەتی نەوت ئەمە بابەتێکە کە دەسەڵاتی ھاوبەشە لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی ھەرێم، بۆیە ئەم بابەتە بەھیچ شێوەیەک ئاماژەی پێنەکردووە کە حکوومەتی ھەرێمیش مافی ھەیە لە ئیدارەدانی ئەم نەوتە، بەتایبەت ئەم بیرە نەوتانەی لەدوای ۲۰۰٥ـەوە دەدۆزرێنەوە، بۆیە ئەم بابەتە بابەتێکی سیاسییە بەھیچ شێوەیەک جێبەجێکردنەکەی ئاسان نابێت، کورد بە شێوەیەکی گشتی دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی خۆی نابێت".

 

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار