شێروان حەیدەری بۆ KDP: ھەردوو داواکەیان نایاساییە.. حکوومەتی عێراق خۆی دانی پێداناوە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری دادگای فیدراڵی تەواو پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و سیاسیە، چونکە لە مێژووی دادگاکانی عێراق نەبووە دوای ١٠ ساڵ، بڕیار لەسەر کەیسێک بدرێت، لەکاتێکدا دەستوور ئەو مافەی بە ھەرێمی کوردستان داوە و حکوومەتی عێراقیش خۆی دانی پێداناوە.
شێروان حەیدەری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی داویەتی زیاتر مەرامێکی سیاسی لەپشتەوەیە و ئەو بڕیارەی دەرچووە بەپێچەوانەی دەستوورە و لە دەستوور ھاتووە ھەرێمی کوردستان مافی ھەیە لە کەرتی نەوت وەبەرھێنان بکات بەتایبەت کە یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەرنەچوو لەپەرلەمانی کوردستان بە پێی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ ھەرێمی کوردستان ھەڵسا بەدەرکردنی یاسای نەوت و گاز".
شێروان حەیدەری گوتیشی: "ئەگەر پرۆسەی نەوت یاسایی نەبووایە، چۆن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیھان دێن لە بواری نەوت وەبەرھێنان بکەن لەھەرێمی کوردستان، بۆیە بڕیارەکە گومانی لەدوا ھەیە بەتایبەت ئەو سکاڵایەی کراوە لەڕووی یاسایی کەموکوری زۆری تێدایە و، نەبووە لەمێژووی دادگاکانی عێراق داوایەک دوای ١٠ ساڵ ئینجا بڕیاری لەسەر بدرێت، چونکە یەکێک لە داواکان ٢٠١٢ بووە ئێستا دادگا پەسەندی دەکات، ئەی ئەو کەسانە لە کوێ بوون لە دادگا تا ئێستا پەسەندیان نەکردووە، بۆیە ئەوەی دەکرێت عێراق بەرەو مەرکەزی دەبات نەک دەوڵەتێکی فیدراڵی کە بە دەستوور مافی بە ھەرێم داوە کار لەبواری نەوت بکات".
حەیدەری ڕوونیشی کردەوە، ھەردوو داواکەیان نایاساییە کە داوای ھەموو نەوتی ھەرێم دەکەن و یاسای نەوت ھەڵوەشێتەوە، چونکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش سکاڵایان کردبوو لە بەرژەوەندی ھەرێم یەکلایی بۆتەوە، بۆیە ئەوەی کراوە ھیچی دەستووری نیە و دەستوور ئەو مافەی بە ھەرێم داوە و، ئەگەر یاسایی نەبووایە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ھەرێم دەکەن مانگانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بدات بە کۆمپانیای سۆمۆ، ئەمە خۆی دانپێدانه بە یاسایی بوونی نەوتی ھەرێم".
ناوبراو وتیشی: "کاتی خۆی پەرلەمان یاسای نەوت و گازی دەرکرد، لە بۆشایی نەبوونی یاسای نەوتی غازی عێراقە، بۆیە ئەو بڕیارە ھیچ ئەنجامێکی نابێت و ھەرێم بەھیچ شێوەیەک قبوڵی ناکات، چونکە ئەوە کەمکردنەوەیە لەبەھای فیدراڵیەت".
بڵند ئیبراھیم




