ئاشنا بابان: ئامانجی سەردانی مەسرور بارزانی بۆ قەتەر سیاسی و ئابوورییە

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە یاوەریی شاندێک بە سەردانی فەرمی گەیشتە وڵاتی قەتەر و شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێت، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت سیاسی و ئابوورییە.
ئاشنا بابان، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئامانجی سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری، لەسەر بانگھێشتی فەرمیی میر شێخ تەمیم بن حەمدی دووەم، بۆ دەوحەی پایتەختی قەتەر، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھەرێمی کورستان ئێستا ھێزێکی کارتێکەری گرینگی لە ناوچەکەدا ھەیە، بەتایبەت لە ڕووی ئاسایش و ئارامییەوە کە ھۆکارێکی گرنگە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان بووژانەوەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و ئەوانە ھۆکاری گرنگ و بنەمای سیاسەتی سەرکەوتووی ئابووریی ناوخۆیە بۆ بەستنی ھاوپەیمانیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا، هەروەها کاریگەریی ئاسایشی ھەرێم بەو مانایەی کە خاوەنی ئامرازێکی کاریگەری ھەرێمییە و ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی بێنیوە لە ئاراستەکردنی ھەڵسوکەوتی ئاشتیخوازی لە ناوخۆی عێراقی فیدراڵ و دەوڵەتانی دراوسێدا.''
ئەو شارەزایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕوونی کردەوە: "ئامانجی سەردانی ڕێزدار مەسرور بارزانی بۆ وڵاتی قەتەر بۆ ھێنانەدیی ئامانجێکی دوو لایەنەی گرنگی ئابووری و سیاسیی نێوان ھەردوو لایە بۆ بەردەوامی و پێشکەوتنی پەیوەندییەکانیان و، لەم سەردانە فەرمییەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەویت کە گرینگیی پێگەی ئێستای ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا یەکلاکەرەوەی بڕیارە سیاسییە چارەنووسسازەکانی عێراقی فیدراڵە کە کاریگەریی عێراق لەسەر سیستەمی سیاسی و سیاسەتی دەرەکی بەبێ کورد ئەستەم دەبێت.''
ئاشنا بابان دەشڵێت: "ھێزی ئابووری و گازی سروشتیی ھەریم کاریگەری و ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە ناوچەکەدا، بۆیە ئامانج لەو سەردانە نزیکبوونەوەی ھەردوو لا و گفتوگۆ و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە، بەتایبەتی ئاڵوگۆری بازرگانی و گەشەسەندنی وەبەرھێنان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئابووریی وڵاتی قەتەر، کە سوودێکی گرنگ و گەورە بە پێگەی سیاسی و ئابووریی کوردستان دەبەخشێت.''
قائید میرۆ




