دکتۆر محەمەد شوکری: سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ قەتەر دەبێتە ھۆی ھاتنی کۆمپانیاکانی قەتەر بۆ کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی قەتەر لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەوان بێن لە ھەموو بوارەکاندا لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن، چونکە قەتەر وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکە و گرنگیی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت .
دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە بواری وەبەرهێناندا بە شێوەی گشتی لەگەڵ وڵاتی قەتەر نیمانە، بەڵام بڕیارە کاری وەبەرهێنان لە ھەرێم بکەن و سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی قەتەر کاریگەریی ئیجابیی دەبێت، بەتایبەت لە بواری وەبەرھێنان لە بواری نەوت و غازدا و ھیوادارین لە بواری پیشەسازیدا بێن کار بکەن، بۆیە چاوەڕێ دەکەین بزانین کۆبوونەوەکان چۆن دەبن و ئەنجامەکانیشی چۆن دەبێت.''
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''پێشتر دەستەی وەبەرھێنانی قەتەر سەردانی ئێمەی کردبوو و ھیوادارین بێن لە ھەرێم کار بکەن و ئەو سەردانەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی قەتەر دەبێتە ھاندانێک بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی قەتەر بێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان بکەن.''
ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر بانگھێشتی فەرمیی وڵاتی قەتەر سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و بڕیارە لە میانەی سەردانەکەیدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی هەبێت.
بڵند ئیبراھیم




