نێچیرڤان بارزانی: كاكە ڕۆژ لە دانوستانەكاندا شتێكی دەدۆزییەوە کە هەموو كەس خۆی بەبراوە بزانێت

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ساڵڕۆژی كۆچی دواییی دكتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: ''كاك ڕۆژ هەوڵی بەردەوامی ئەوە بوو حكوومەتێكی موئەسەساتی لەم وڵاتە دروست بكات، ئەو كاتە لەگەڵ خوالێخۆشبوو كاك فەلەكەدین وتارێكیان نووسی بۆ یەكڕیزیی كورد، ئێستاش مەرجی سەركەوتنی هەموومانە و كورد دەبێت یەكڕێز و یەكدەنگ بێت.''
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵیادی كۆچی دواییی دكتۆر ڕۆژ نووری شاوەیسدا گوتی: "هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی كاك دكتۆر ڕۆژ، هەمووتان بەخێر بێن بۆ مەڕاسیمی ساڵوەگەڕی كۆچی دواییی هەڤاڵ و تێكۆشەر و پێشمەرگە و خۆشەویستی هەموو لایەكمان، كاك ڕۆژ، ئەمڕۆ هەموومان لێرە كۆ بووینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە وەفا و خۆشەویستیی ئەو خۆشەویستە بە خەباتی خۆی بۆ كوردستان و حزبەكەی و ڕێبازەكەی، کە تاكوو دواین هەناسەی ژیانی لەسەری ما و وەفادار بوو بۆ ئەو خەبات و ڕێبازە، لە كوردستان یادی ئەو خۆشەویستە دەمێنێتەوە و بە سەربەرزی یادی دەكەینەوە.''
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش دا: "من وەكوو شەخس، شەرەفی ئەوەم هەبوو ماوەیەك وەك جێگری سەرۆكی حكوومەت كارم كردووە و پێش ئەوەش لە ساڵانی دوای 1987 کە كاك ئیدریس كۆچی دواییی كرد، لەو كاتەوە لەگەڵ كاك ڕۆژ پێكەوە بووین، لە هەموو قۆناخەكاندا كابرایەكی جددی بوو، هەمیشە هەوڵی داوە بە دڵسۆزی و وەفاداری بۆ حزبەكەی خۆی كار بكات، ئەگەر سەیری مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، دوای نسكۆی ساڵی 1975 بەتایبەتی پێش كۆنگری 9ی پارتی، ئەم حزبە لە قۆناخێكی یەكجار سەختدا بوو، بە هەموو جۆرێك هەوڵ دەدرا پارتی گۆشەگیر ببێت، لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە، من بەو جیلە دەڵێم جیلی زێڕینی پارتی، ئەو جیلەی لە دوای شكستی ساڵی 1975 بەتایبەتی دوای كۆنگرەی 9 دەستیان بە خەبات كرد و نەوەستان تاكوو حزبەكەیان بە سەركەوتوویی هێنایەوە قۆناخی خەبات و تێكۆشان، ئەو كاتە من بە تەمەن زۆر گەنج بووم، بەڵام دەمبینی، هەندێك لەو هەڤاڵانە كۆچی دوایییان كردووە، یادیان بەخێر، هەندێكیش لەو تێكۆشەر و خەباتگێڕ و ئازیزانەی پارتی پێیان سەربەرزە، لێرە دانیشتوون، جێگای شانازیی بەندە و هەموو ئەندامێكی ئەم حزبەن، كە چۆن بە تێكۆشان و خۆماندووكردن لە قۆناخی سەختی شاخ و دواتر لە دوای ڕاپەڕین و تاكوو ئەمڕۆش سەربەرزانە و بە سەركەوتوویی، حزبەكەیان قیادە كردووە و توانیویانە دەستكەوتی گەورە بۆ گەل و پارتەكەیان و كوردستان بەدەست بهێنن. بە ئەزموونی خۆم وەك شەخس، کە جێگری سەرۆكوەزیران بووم، دەتوانم لە چەند دێڕێكدا بڵێم كاك ڕۆژ، هەوڵی بەردەوامی ئەوە بوو حكوومەتێكی موئەسەساتی لەم وڵاتە دروست بكات، بەردەوام تێكۆشانی دەكرد تا ئەساسی حوكمڕانییەكی دروست دابمەزرێت".
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش کرد: ''لە هەموو دانوستاندنێكدا کاک ڕۆژ هەوڵی دەدا ئەو شتانەی هاوبەشن پەیدایان بكات تاكوو هەموو لایەك لە دانوستاندنەكاندا خۆیان بە براوە بزانن، ئەمە شتێكی زۆر تایبەت بوو، من خۆم هەوڵم دەدا لە هەموو ئەو دانوستاندنانەی دەكرێت لە ناوخۆ و دەرەوە و بەغدا كاكە ڕۆژم لەگەڵ بێت، چونكە هەوڵی دەدا شتێك بدۆزێتەوە هەموو لایەك هەست بە سەركەوتن بكەن، زۆر پەرۆش و خەمخۆری یەكڕیزیی ناوماڵی كورد بوو، لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا لەگەڵ خوالێخۆشبوو كاك فەلەكەدین، وتارێكیان نووسی، پارتی و یەكێتی ببن بە یەك حزب، ئەو كاتە و ئێستاش مەرجی سەركەوتنی هەموومانە کە كورد دەبێت یەكڕێز و یەكدەنگ بێت بۆ دەستكەوتەكان، نەك بۆ پۆست و پایە، دەبێت هەموومان پێكەوە بین، قۆناخی زۆر سەختمان لە پێشە.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ''تاكوو ئێستاش بەداخەوە ئەوەی کە دەبێت دەستوور حەكەم بێت، لە بەغدا جێگر نەبووە، ئەگەر ئێمە یەكڕیز نەبین ناتوانین دەستكەوتەكانی خۆمان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین، کاکە ڕۆژ زۆر جدی بوو لەوەی کە دەبێت هەوڵ بدەین بە یەكڕیزی دەستكەوتەكان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین و خەباتی پێكەوە بکەین بۆ ئەو ئامانجانەی قوربانیی زۆرمان بۆ داوە، یەكێتی و پارتی و لایەنە سیاسییەكانی تر، ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە لە سایەی خەباتی تێكۆشەرانی وەك كاكە ڕۆژ و هەڤاڵانی تر و ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە کە خوێنی خۆیان بەخت كرد بۆ ئازادی و سەرفرازی و بەرگریكردن لە وڵاتەكەمان و دەبێت لەسەر ئەو نەهجە بەردەوام بین و ڕێگەیەكی یەكجار دوورمان لە پێشە".
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: ''كاك ڕۆژ فەرماندەیەكی بە تەواومانا ئازای سەربازی بوو، داستانەكانی بەرگری و خۆڕاگری لە بادینانەوە تاكوو قەرەداخ شاهیدی ئەوەن كە كاكە ڕۆژ، چەندە سەركەوتوو بوو لە خەباتی سەربازییشدا، كاك ڕۆژ خەڵكی شاری خۆشەویستی سلێمانی بوو، لە دایك و باوكەوە ماڵێكی تێكۆشەر بوون، كابرایەكی خەڵكی سلێمانی و مەجلیسخۆش بوو، كابرایەكی كوردستانی و كوردپەروەر بوو، هەموو هەوڵێكی دەدا بۆ یەكڕیزی و تەباییی ناو میللەتی كورد، لە پەرلەمانی كوردستان كە سەرۆكی پەرلەمان بوو، هەوڵی جددیی ئەوە بوو ئەو یاسایانە تێ بپەڕێندرێن کە كاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان هەبوو، ئەمانە هەمووی ئەو یادەوەرییە خۆشانەن کە یادی كاكە ڕۆژ بە زیندوویی لەلای هەموو تێكۆشەر و خەباتكار و ڕێبوارێکی ئەم كوردستانە دەهێڵنەوە، هەر لایەنێك بن، دڵنیام نەك تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان، شانازی بەو ڕۆڵەیەوە دەكات، لایەنەكانی تریش ئەو ڕێز و خۆشەویستییەیان بۆ كاكە ڕۆژ هەیە و دەمێنێتەوە، دەمدی لە دانوستانەكانمان لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی تر چ ڕێز و ئیحترامیان بۆی هەبوو".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە: ''دەبێت بە یەكڕیزی و یەكبوونی هەموو لایەكمان هەوڵ و تێكۆشان بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای هەموو جیاوازییەک و بۆچوونی جیاواز، مەرجی سەركەوتن و تێپەڕاندنی ئەم قۆناخەشمان تەنها و تەنها ئەوەیە کە یەكڕیز بین و پێكەوە بین، بە پێكەوەبوون زۆر دەستكەوتمان دەست دەكەوێت، بە لێكترازان و دووركەوتنەوە دڵنیاتان دەكەینەوە هیچ لایەنێك لە كوردستان هیچی دەست ناكەوێت، بە هیوای ئەوەی كوردستان هەر ئاوەدان بێت، پشت بەخوا بەرەو باشتریش بڕوات، ئەم قۆناخە سەختەش تێ بپەڕێت و كوردستان ئاوەدان بێت".
عەزیز ڕەسووڵ




