٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیروان محەمەد: کارەکانی ڕووپێوی کار و بێکاری لە قۆناغی کۆتاییدایە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاماری ھەرێمی کوردستان گوتی، کارەکانی ڕووپێوی کار و بێکاری لە ھەرێمی کوردستان لە قۆناغی کۆتاییدایە و تەنھا ماوە ڕاپۆرتی کۆتایی لەبارەیەوە ئامادە بکرێت و دواتر ڕایبگەیەنین، چونکە ھەموو کارە کردارییەکانی تەواو بووە.

سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئاماری ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ڕووپێوێکمان کردووە لەبارەی کار و بێکاری لە ھەرێمی کوردستان، تا بزانرێت ڕێژەکەی لە چ ئاستێکدایە و کاری کردارییەکەی تەواو بووە و ئێستا خەریکی ڕاپۆرتی سەرەتایین لەگەڵ ڕێکخراوی کاری جیھانی و ڕاپۆرتی کۆتاییش تەواو بێت، ڕایدەگەیەنین، چونکە زۆری وردەکاری تێدایە.''

سیروان محەمەد گوتیشی: ''ھۆکاری ھەندێک دواکەوتنی ڕاگەیاندنی ڕووپێوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تیمی ڕێکخراوی کاری جیھانی گۆڕانکاریی بەسەردا ھات و کەسانی نوێ ھاتن، بۆیە کاتی خایاند، بەڵام کارەکان تەواو بوون و داتاکانیش داخل کراون و تەنھا ڕاپۆرتی ماوە، کە تەواو بێت، ڕایدەگەیەنین، بەڵام ڕووپێوێکی زۆر باش و زانستییە و ھەموو چینەکان دیاری کراون، چەندی لە کاردایە و چەندی بێکارە و چەندی بڕوانامەی ھەیە و چەندی بێ بڕوانامەیە، ئەوانەی ھەموو تێدایە و ڕووپێوێکی زۆر گرنگە.''

محەمەد باسی لەوەش کرد: ''لە ساڵی ٢٠١٨وە ڕووپێوی تازەمان نییە کە ئەوکات ڕێژەی بێکاری ٩% بوو لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی ئێستا تازەترین ڕووپێو دەبێت کە پشتی پێ ببەسترێت.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار