ڕۆژبەیانی: دزەکردنی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق مەترسیی زیاتری پەیدا کردووە

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، شکاندنی زیندانی غوێران لە سووریا کاریگەریی لەسەر ڕەوشی عێراق و ناوچە کوردستانییەکان ھەبووە و دەشڵێت، مەترسی بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان زیادی کردووە.
جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شکاندنی زیندانی غوێران لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان مەترسیی بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیدا کردووە و بەشێک لەو چەکدارانەی لە سووریاوە دزەیان کردووەتە نێو خاکی عێراق، مەترسین بۆ سەر ڕەوشی ئەمنی و بەھێزبوونی چەکدارانی داعش لە عێراق.''
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت: "ڕەوشی ئەو ناوچانە پێشتریش ئاڵۆز بووە و چەندین ھێزی جیاوازیان تێدایە، بەداخەوە بە ھۆکاری جیاواز جووڵەی داعش زۆر زیادی کردووە و، ئێستاش ھەڵھاتنی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق مەترسییەکانی زیاتر کردووە.''
جوان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەرێمی کوردستان زۆر ھەوڵی داوە ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە و چەندین ڕێککەوتنیش ھەیە، بەڵام تا ئێستا ھیچ یەکێک لەو ڕێککەوتنانەی تایبەتن بە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردن، بەڵام پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش ھەنگاوێکی باشە بۆ داھاتوو کە ڕەوشی ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکرێت.''
قائید میرۆ




