٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژوار فائق: پێویستە تا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەکرێت، ناوچە کوردستانییەکان بە ھاوبەشی بەڕێوە ببردرێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان گوتی، تا ئێستا چەند ڕێککەوتن لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانەوە لەگەڵ بەغدا کراوە، ھیچیان جێبەجێ نەکراوە، بۆیە پێویستە ئەم جارە لە دانوستانەکاندا داکۆکی لەسەر ئەو ڕێککەوتنانە بکرێت و ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێنەوە و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و تا ئەو کاتەش ئیدارەی ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی بەڕێوە ببردرێت.''

دژوار فائق، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەو مافانەی ئێمە وەکوو ھەرێمی کوردستان لە عێراق داوای دەکەین، ھەموویان دەستووری و یاسایی و مافی سەرەتایی گەلی کوردستانن. دەوڵەت بۆ کوردستان دروست نەکرا و بەزۆر بە عێراقەوە لکێندرا و شاراوەش نییە کە عێراق لەژێر کاریگەریی عەقڵیەتی شۆڤێنی و بیری توندی ئایینزایی و مەزھەبی و دەستوەردانی دەرەکیدایە و ئەمە وای کردووە مافی کورد کە لە دەستووردا ھاتووە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە جێبەجێی نەکرێت و، ئەمەش ڕەنگی داوەتەوە لەو ناوچانە و بووەتە کێشە لە نێوان ھەرێم و بەغدادا، دیارە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەپێی مێژوو ناوچەی کوردستانین و، سەرەڕای ئەوەی تەعریبیش کراون لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا کورد لەو ناوچانەدا زۆرینەیە، لە کاتێکدا هێشتا دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی نەکراوەتەوە.''

دژوار فائق گوتیشی: ''ئێستا کە حکوومەتی تازە پێک دەهێنرێت و حکوومەتی ھەرێم گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی زۆرینە، یاخود سەرۆکوەزیرانی نوێ دەکات، پێویستە کورد یەکڕیز بێت و یەک بەرنامە و یەک پاکێجی ھەبێت بۆ داوای مافەکانی و کێشەی پێشمەرگە و بودجە و زەویوزار و ئاساییکردنەوەی ناچە کوردستانییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و، ئەوەی کە تا ئەو ماددەیە جێبەجێ دەکرێت، ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی بەڕێوە ببردرێن و ھەماھەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەبێت و ھێزی میلیشیا لەو ناوچانە دەربکرێن و خەڵکی ناوچەکە و پۆلیسی ناوخۆ و ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق مەلەفی ئەمنیی ئەو ناوچانە بگرنە ئەستۆ.''

فائق گوتیشی: ''گرنگە وەفدێک پێک بێت کە ئەندامەکانی لە ھەموو بوارەکانی سیاسی و یاسایی و ئابوری و ئامار و مێژوو و جوگرافیا شارەزا بن و دانوستان بکەن و ئەو خاڵانەی کە ئێمە ھاوپەیمانییان لەگەڵ دەکەین، شیعە و سوننە و سەرۆکوەزیرانی نوێش بخەنە نێو بەرنامەوە و، لە ھەموویشی گرنگتر ئەو ئیدارەیەی لە کەرکووک و شنگال سەپێندراوە نەمێنێت، لە کەرکووک پارێزگاری سەپێندراو بیروباوەڕی شوڤێنی و توندڕەوە و تا ئێستا دوو جار سازش لە کورسیی پەرلەمان دەکات بۆ مانەوە و دژایەتیکردنی کورد و پرۆسەی تەعریبی دەست پێ کردووەتەوە و ئەوەی لە شنگالیش ھەیە دەستوەردانی دەرەکی و میلیشیایییە، لە کاتێکدا کە ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ بەغدا هەیە بۆ ئەوەی لە ھەنگاوی یەکەمدا دۆخی شنگال و دواتر کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، کێشەیان بۆ شنگال دروست کرد و تا ئێستا ھیچ نەکراوە، بۆیە پێویستە وەفدی کوردی بە یەکڕیزی و بە ئەو ھەموو ڕێککەوتنەی پێشتر کراوە، بەتایبەت لەگەڵ ھەردوو سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی و مستەفا کازمی، لە دانوستاندا داکۆکی لەسەر بکەن بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێنەوە.''

ئاماژەشی دا: ''پێویست بوو بەغدا لە ساڵی ٢٠٠٧ ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکات، هەروەها پێویست بوو سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەین کە جێبەجێیان نەکردووە و ئێستاش پێویستە تا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەکرێت ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی بەڕێوە ببردرێن، نەک بەغدا بە تەنھا بەڕێوەیان ببات.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار