پێدانی مۆڵەتی بازرگانی گۆڕانکاری بەسەردا دێت

ھەولێر-KDP.info- پێداچوونەوە بە ڕێکارو ڕێنماییەکانی پێدانی مۆڵەتی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت و سەرۆکی یەکێتی ھاوردەو ھەناردەکارانی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو بۆ لەمەودوا ڕەزامەندی پشتگیری ھاوردەو ھەناردەکاران و ژوورە بازرگانییەکانی کوردستان لە پێدانی پێناسی بازرگانی بەسەرمایەداران بۆ ھێنانی کاڵا و شمەک لە دەرەوە کراوەتە مەرج و لە ئێستادا تەنھا مۆڵەت بەو کەسانە دەدرێت کە سەرمایەدار و بازرگانی فعلین.
مستەفا شێخ عەبدوڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵانە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێم پێداچونەوە بە پێدانی مۆڵەت (پێناسی) بازرگانی بۆ بازرگانان و سەرمایەداران و یاخود ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت کاری ھاوردە و ھەناردە بکەن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکە، بە پێی بڕیارە نوێیەکە ھەر بازرگانێک بیەوێت ببێتە خاوەنی مۆڵەتی ھاوردە و ھەناردەی بازرگانی، دەبێت ڕەزامەندی و پشتگیری ڕێکخراوی یەکێتی ھاوردە و ھەناردەکاران و ژوورە بازرگانییەکانی کوردستانی ھەبێت، ئەمەش پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە ڕوڵی کەمتر بە ئێمە درابوو لەم نێوەندەدا، ئەمەش بۆ خۆی گرنگەو خزمەت بەو سیاسەتە دەکات کە ئێستا کابینەی نۆیەم لە بابەتی پێشخستنی لایەنی ئابووری سەرمایەگوزرای پەیڕەوی لێدەکات، چونکە ئێمە بیرمان نەچێت ڕێکخراوە ئابوورییەکان ڕۆڵی گرنگیان لە ھاوکێشە ئابوورییەکان و داڕشتنی سیاسەتی ھەر ووڵاتێکدا ھەیە، لە نێوشیاندا ڕێکخراوی ھەناردە و ھاوردەکاران".
عەبدوڕەحمان گوتیشی: "بە ھۆی کار ئاسانیکردنی لەپێدانی مۆڵەتی بازرگانی ڕۆژ بە ڕۆژ قەبارەو گەشەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەرەدەسێنێت، بۆ نموونە ئێستا بە نزیکەی ١٠ ھەزار ئەندام خاوەنی مۆڵەتی بازرگانین و حەوت ھەزاریان بە کردەیی شمەک و کاڵا ھاوردە دەکەن".
سەرۆکی یەکێتی ھاوردەو ناردنکارانی کوردستان ڕونیشی کردەوە: "پێداچونەوە بە پێدانی ھەموو ئەو مۆڵەت و پێناسە بازرگانییانە دەکەین کە لە ماوەی ڕابردوو بۆ بازرگانان کراوە، دەرکەوت ھەرکەسێک بەدەر لەڕێنماییەکانی کاڵای ھاوردە کردبێت و سودی لەو رێگە پێدانە بازرگانییە وەرگرتبێت بە کاری ھێنابێت بۆ دەڵاڵی دەخرێتە لیستی ڕەشەوە."
ئەرسەلان ئەحمەد




