دوایین زانیاری لەبارەی چاکسازی لە خانەنشینی پلە باڵاکان

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاماری خانەنشینی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ھەر کەسێک لە ١٥ساڵ کەمتر خزمەتی ھەبێت پێویستە خزمەتەکەی بێنێتەوە گەر ھەیبێت و ئەگەریش لە ١٢ ساڵ زیاتر بێت، دەبێت سێ ساڵ لە حکوومەت بکڕێتەوە تا بتوانێت خانەنشین بێت.
سەباح موخلیس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆسەی چاکسازی لە خانەنشینی پلە باڵاکان تەواو بووە و ھەمواری ھەموو ئەوانە کراوەتەوە کە لە ١٥ساڵ زیاتر خزمەتیان ھەیە و ئەوەی کەمترە خەریکن دۆسیەکانیان رێکدەخەین و خزمەتیان تەواو دەکەن و ئێمەش بۆیان رێکدەخەین، چونکە تا تەواو نەبێت نازانین چەندی نایاسایین، لەبەر ئەوەی بەردەوامن لە رێکخستنی دۆسیەکانیان، چونکە ھەیە لە وەزارەتەکانی خۆیان خزمەتی تەواویان بۆ نەگەڕاوەتەوە".
بەڕێوەبەری ئاماری خانەنشینی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "یاسا ڕێگایەکی بۆ ئەوانەش داناوە کە کەمتر لە ١٥ ساڵ خزمەتیان ھەیە ئەویش دەتوانن ٣ ساڵ لە حکوومەت بکرنەوە و خزمەتیان ببێتە ١٥ ساڵ و دۆسیەکەیان تەواو دەبێت و خانەنشین دەبن، بۆ نموونە ١٢ ساڵی ھەبێت ٣ ساڵ دەکرێت کە نرخەکەش بەپێی بڕوانامە دەبێت و ھەریەکەیان کۆدەکەینەوە سێ ساڵ دەکاتە ٣٦ مانگ و جارانی حەوت لەسەدی ئەو مووچە بنەڕەتییەی بەپێی بڕوانامە دەکرێت، بەو جۆرە دیار دەبێت ھەر یەکەیان پێویستە چەند پارە بدات بۆ کڕینی ئەو ٣ ساڵە، ھەشە کەمترە لە سێ ساڵ ئینجا ھەر یەکەیان بەپێی ساڵەکان خزمەتەکەی تەواو دەکات و لە حکوومەت دەیکڕێتەوە، بەڵام ناکرێت خزمەتی لە ١٢ ساڵ کەمتر بێت".
موخلیس ڕونیشی کردەوە: "حاڵەتیشمان ھەبووە کە پلەی بەرزتری پێدراوە ئەوانیش پلەکەیان لێ وەرگیراوەتەوە، چونکە ناکرێت کەس پلەی لە خۆی بەرزتر وەربگرێت".
بڵند ئیبراھیم




