حکوومەتی ھەرێم وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی ١٠٠ مێگاوات کارەبا لە شاری سۆران جێبەجێ دەکات

سۆران-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی دابەشکردنی کارەبای سۆران ڕایدەگەیەنێت، تیمێک لە وەزارەتی کارەبا سەردانی سنووری ئیدارەی سۆرانیان کردووە، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی شوێنی دامەزراندنی وێستگەیەکی ١٠٠ مێگاوات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبای نیشتیمانی.
فەیسەڵ حسێن، بەڕێوەبەری گشتی دابەشکردنی کارەبای سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "خۆشبەختانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی ١٠٠ مێگاواتی کارەبای نیشتیمانی داوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ماون لە ئیدارەی سۆران".
ناوبراو گوتیشی: "بە تەواوبوونی ئەم وێستگەیە تاڕادەیەکی زۆر باش گرفتەکانی کارەبا چارەسەردەکرێن و کۆمپانیای جێبەجێکار ڕاسپێردراوە بۆ دروستکردنی ئەم وێستگەیە لەسەر بودجەی وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێت".
سیروان سابیر




