ھۆشیار زێباری: بڕیاری دوورخستنەوەم سیاسی بوو

ھۆشیار زێباری, کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەکەی بە سیاسی وەسف کرد و گوتی: ''ھەندێ ھێزی سیاسی لە پشت بڕیارەکەوەن و ئێمە دەیانناسین، لەبەر ئەوەش، پێداچوونەوە دەکەین.''
ھۆشیار زێباری، کاندیدی پۆستی سەرۆککۆماری لە پرێسکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بڕیاری ئەمڕۆی دادگا بڕیارێکی سیاسییە بە ئیمتیاز، بەبێ پەردە ئەو قسەیە دەکەم، ھەموو ڕێکارێکی یاساییم گرتووەتە بەر بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارەکە، بەڵام ئەمڕۆ دادگا بڕیارێکی سیاسیی لەدژی من دەرکرد، چونکە بەپێی دەستوور و یاسا ھەموو مەرجەکانی کاندیدی سەرۆککۆمارمان تێدا ھەیە، ھەموو قۆناغەکانی کاندیدبوونمان بڕی لەو مەلەفانەی بۆم دروست کراوبوون، لە نەزاھە و لە خوێندنی باڵا و کێشەی ئەنجامدانی تاوان دەرکەوت ھیچ تاوانێکم لەسەر نییە.''
ھۆشیار زێباری گوتیشی: "کاتی خۆی بڕیارێکی سیاسی لە پەرلەمانەوە دژی ئێمە دەرکرا بێ ئەوەی ھیچ کێشەیەکی یاسایی لەسەر ئێمە ساخ بێتەوە، بە ئێمەیان گوت بڕۆنە دادگا، چوومە بەردەم دادگا و ھەموو ڕێکارێکم تێ پەڕاند و ھیچم لەسەر نەبوو، ئەو پرسە لەوانەیە لە ئێمە گەورەتر بێت، پێویستە سەرکردایەتیی ئێمە ئەوە لەبەرچاو بگرێت.''
ھۆشیار زێباری ڕوونیشی کردەوە: "ھێزی سیاسی لە پشت بڕیاری دادگاوەیە و ئێمە دەیانناسین، سەربەرزم بەوەی کاندیدی سەرۆک بارزانی بووم، ئەوە بۆ من شانازییە، ھەتا ئێستا ھیچ کاندیدی دیکەمان نییە و من تاکە کاندیدی پارتی بووم، بەڵام ٧٥ ساڵە خەبات دەکەین و بێگومان بژاردەی دیکەمان ھەیە، لەگەڵ ئەو ھەموو کارەی بەرانبەرم کرا، ڕێز لە بڕیاری دادگا دەگرم.''
قائید میرۆ




