٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" لیستێکی نوێ بۆ مینحەی مانگانەی خێزانە بێسەرپەرشتەکان ئامادە دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بڕیارە بە سیستەمێکی نوێ دابەشکردنی مینحەی مانگانە بۆ خێزانە بێسەرپەرشتەکان جێبەجێ بکرێت و بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییش دەڵێت، وڵاتانی کۆمەکبەخش و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانیش بەشداریی ئەو مینحەیە دەکەن.

زەکیا سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی کار بە ھەماھەنگیی وەزارەتی پلاندانان و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان کاری جددی لەسەر گەڕانەوەی مینحەی مانگانەی خێزانە بێسەرپەرشتەکان دەکات، بەردەوام کۆبوونەوە دەکرێت بۆ دانانی سیستەمێکی پێشکەوتوو و دەرکردنی ڕێنمایی بۆ گەڕانەوەی مینحەی مانگانە، ناتوانم بڵێم کەی دەست بە دابەشکردنی مینحەکە دەکرێت، بەڵام نزیکین لە کۆتاییھاتنی پڕۆسەکە.''

بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: "ھەموو ھەوڵێک دەدەین لیستێک ئامادە بکرێت و ھەموو ئەو کەسانە تێیدا سوودمەند بن کە پێویستیان بە مینحەی مانگانە ھەیە و، دەمانەوێت لەگەڵ ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە کە ژمارەیەک وەزارەتی حکوومەتی ھەرێم و ئاژانسی بیانین، باشترین سیستەم ئامادە بکرێت.''

زەکیا سەید ساڵح ڕوونی کردەوە: "فشارەکانمان بۆ سەر ئاژانسەکان دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی پەلە بکرێت بۆ گەڕانەوەی مینحەی مانگانەی بێسەرپەرشتان، پڕۆژەک وا ئامادە کراوە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی کۆمەکبەخش و سەرمایەداران تێیدا ھاوکار بن، بەڵام بەرپرسیاریەتییەکە دەکەوێتە سەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی دارایی پاڵپشتیی ئەو مینحەیە دەکات، بەتایبەتی پلانی کابینەی نۆ ھاوکاری و خزمەتکردنی ھاووڵاتییانە و دەمانەوێت حکوومەتی ھەرێم بودجەیەکی تایبەت بۆ ئەو بابەتە تەرخان بکات.''

 

قائید میرۆ

 


 

هەواڵی پەیوەندیدار