٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئارمانج چارەسەر كردنی پرسی كوردە

سەرچاوە: KDP.info

تەرهان ئەردەم

لە چوارچێوەی قۆناخی ئیمراڵی یا خۆ بە پێ وتەی سەرۆك وەزیر رەجەب تەییب ئەردۆغان قۆناخی ئاشتی، هەر دوولا ئەو ئارمانج و ئامانجانەی كە بۆ خۆیان دەستنیشانیان كردوونە، بە نانی هەر جۆرە هەنگاوێك تۆزێك لەو ئارمانج و ئامانجانە نزیكتر دەبنەوە. گرنگ ئەوە نییە كە ناوی ئەم قۆناخە قۆناخی ئیمراڵییە یا قۆناخی چارەسەری. گرنگ ئەوەیە كە ئارمانج لە دەست پێكردنی ئەم قۆناخە چییە؟

بە بروای من چاوپێكەوتنی ئەم دواییەی نێوان ئوجەلان و پارلەمانتارەكانی بەدەپەدا چاوپێكەوتنێكی یەكجار گرنگ بوو و رێگای بۆ چاوپێكەوتنی دیكە خۆش كرد. بە پێ ئەو زانیارییانەی كە لە لایەن پارلەمانتاری بەدەپە ئاڵتان تانەوە سەبارەت بەم چاوپێكەوتنە پێشكەشی رای گشتی كران، دەردەكەوێت كە هەم ئوجەلان و هەم بەرپرسانی توركیا بریاری یەكجارەكی خۆیانیان بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد داوە.

هەرچەند ناوەرۆكی چاوپێكەوتنەكانی نێوان ئوجەلان و بەرپرسانی توركیا لە ئیمراڵی بۆ رای گشتی ئاشكرا نەكراون و ناكرن بەڵام بە پێ چەند رستەیەك لەو نامانەی كە لە لایەن ئوجەلانەوە ئاراستەی پەكەكە و بەدەپە كراون دەر دەكەوێت كە چاوپێكەوتنەكان زۆر گرنگ و ئیجابین و دیارە كە هەر دوو لا ئارمانجێكی سەرەكەیان هەیە و بەو پەڕی هێز و توانایی خۆیانەوە بۆ بە دەستەوە هێنانی ئەو ئامانجە تێدەكۆشن.

هەر چەند هێشتاكە باسی ئەوە نەكراوە كە دەبێت چۆن و بە چە شێوەیەك بگەنە ئامانجەكانیان بەڵام ئاراستەی رووداوەكان وا پیشان دەدات كە گەیشتن بە ئامانجەكان زۆر ئاسانتر بووە.

هەندێك كەس و لایەن دەڵێن" ئارمانج لەم قۆناخە بێدەنگ كردنی چەكەكان، راگرتنی خوێن رژاندن و كۆتایی هێنان بە گریان و فرمێسك رژاندنی دایكان و واز هێنانی پەكەكە لە چەك و رۆیشتنی ئەندامانی پەكەكە بۆ وڵاتێكی دیكەیە. دوای ئەم چاوپێكەوتنەی ئوجەلان من تێگەیشتم كە ئامانج تەنیا ئەو شتانە نییە كە لە سەرەوە باسمان كردن بەڵكۆ ئەمانە بەشێكی گرنگ لە ئارمانجێكی گرنگ و سەرەكەن. ئوجەلان باسی ئەوەی كردووە كە دەوڵەت بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد زۆر جدییە. ئەگەر وابێت ئەوا واز هێنان لە چەك و كۆتایی هێنان بە خوێنرژاندن دەبنە بەشێك لە چارەسەر كردنی پرسی كورد بەو مەرجەی كە دەبێت سەرەتا خوێن نەرژێت، چەكەكان بێدەنگ بكرن.

چەند كەسێك لە رۆشنبیر و نووسەرە توركەكان باسی ئەوە دەكەن كە ئوجەلان دەڵێت من ئوتونومیم نایەوێ و سەربەخۆیشم نایەوێ، بەڵام چەند كەسێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئوجەلان داوای سەربەخۆیی و گۆڕانی دەستووری بنەڕەتی توركیا دەكات. من باوەر ناكەم كە لە قۆناخێك وەكو قۆناخی ئەمرۆدا ئوجەلانیش بەمجۆرە رۆژ لە دوای رۆژ داواكاری و لێدوانەكانی خۆی بگۆڕێت. من پێم وایە كە ئوجەلان دەیەوێ پرسی كورد لە چوارچێوەی دەستوورێكی نوێ و سەردەمییانەدا چارەسەر بكات بەو مەرجەی كە دەسەڵاتی بەرێوەبەرایەتییە هەرێمییەكان بەرفراوانتر بكرێت و پێناسەیەكی نوێ بۆ هاووڵاتی بوونی توركیا بكرێت و دان بە هەبوون و ناسنامەی كوردیدا بنرێت. ئەگەر بەمجۆرە پرسی كورد چارەسەر بكرێت ئەوا سەربەخۆیی سیاسیش ئەگەر نەدرێتە كورد یا نەدرێتە لایەنێكی بەرچاوی سیاسی بەڵكۆ لە چوارچێوەی پەیمانی بەرێوەبەرایەتییە هەرێمییەكانی ئەورووپادا ئەم دەسەڵاتە دەدرێتە بەرێوەبەرایەتییە هەرێمییەكان لە باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵ.

ئەمە راست نییە كە بڵێن نە بەرپرسانی توركیا و نە ئوجەلان هیچ ئارمانج و ئامانجێكی دەستنیشان كراویان نییە. ئەگەر وا بوایا ئەو كاتە ئەم چاوپێكەوتنانە بەم جدییەتەی ئێستاوە دەستیان پێ نەدەكرد. دیارە ئامانجێكی دەستنیشان كراوی هەر دوو لا هەیە و بۆ گەیشتن بەم ئامانجەیش بەمجۆرە هەوڵ دەدەن.

رەنگە ئەو كەس و لایەنانەی كە نایانەوێ پرسی كورد چارەسەر بكرێت، لەم رۆژانەدا دەست بە وەرۆژاندنی بابەتی و تێوەری جۆربەجۆر بكەن و هەندێك كەس بڵێن توركیا دەیەوێ لە رێگای ئوجەلانەوە پەكەكە لە ناو ببات و بێ كاریگەری بكات و ئوجەلانیش دەیەوێ بە لێدوان و قسەكانی خۆی بەرپرسانی توركیا هەڵبخەڵەتێنێت. من نازانم كە ئەم جۆرە قسانە تا چەندە راست و بنەمایەكی زانستییانەیان هەیە، بەڵام من پێم وایە كە نە بەرپرسانی توركیا پلانێكی بەمجۆرەیان هەیە كە لە رێگای ئوجەلانەوە پەكەكە لە ناو بەرن، نە ئوجەلانیش پلانی ئەوەی هەیە كە بەرپرسانی توركیا هەڵبخەڵەتێنێت. خاڵێكی هاوبەش هەر دوو لای لە دەوری خۆی كۆ كردووەتەوە ئەویش چارەسەر كردنی پرسی كوردە و هەر جۆرە هەنگاوێك كە لە لایەن ئەم دوو لایەنەوە بنرێت دەبێتە هۆكاری نزیكتر كردنەوەی ئامانجەكە. ئەگەر چاوپێكەوتنەكان بەمجۆرە درێژەیان هەبێت و هەر دوو لا لە لایەن خۆیانەوە هەنگاوی پێویست بنن و گۆڕانكاری خوازراو ئەنجام بدەن ئەوا لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا دەگەینە ئامانجی سەرەكی خۆمان كە چارەسەر كردنی پرسی كوردە.

 

 

سەرچاوە. رادیكاڵ

هەواڵی پەیوەندیدار