کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێ لە ئاکرێ جێبەجێ دەکرێن
__2022_02_13_h15m41s5__ER.jpg)
ئاکرێ -KDP.info- قایمقامی قەزای ئاکرێ ئاشکرای کرد، بۆ ئەمساڵ نزیکەی حەوت ملیار دیناری دیکەمان بۆ تەرخان کراوە و بڕیارە ١٢ پڕۆژەی پێ جێبەجێ بکەین و زیاتری پڕۆژەکانیش لە بواری شارەوانین .
مازن محەمەد، قایمقامی قەزای ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''وەزارەتی پلاندانان پلانێکی داناوە و پشکی ئێمەش لەو بودجەیەی بۆ پارێزگای دھۆک دانراوە ١٣%ـە کە دەکاتە حەوت ملیار دینار و ئێمەش پڕۆژەمان پێشکەش کردووە و ڕەوانەی وەزارەتی پلاندانانیش کراون، بۆ ئەوەی پارەیان بۆ تەرخان بکرێت.''
قایمقامی قەزای ئاکرێ ڕوونیشی کردەوە: ''نزیکەی ١٢ پڕۆژەمان پێشکەش کردووە و زیاتریش جەختمان لەسەر چاککردنی ڕێگا ناوخۆیییەکانی ئاکرێ کردووە لە بواری شارەوانی کە بە گوژمەی سێ ملیار دینارە و ئەوانەی دیکەش لە بواری ئاو و کارەبا و نۆژەنکردنەوەی ھەندێک قوتابخانەن، بۆیە کە پارەکە خەرج کرا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکەین.''
گوتیشی: پڕۆژەکانی ساڵی ڕابردووش ٨٠%یان تەواو بوونە و ھەندێکیان ماون کە لە قۆناغی کۆتاییدان و زۆربەیان تەواو بوون، ئەویش بە گوژمەی ٦ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بوو.
بڵند ئیبراھیم




