بەرھەمی کارەبای ھەرێمی کوردستان بۆ زیاتر لە چوار ھەزار مێگاوات زیاد دەبێت
_(11)__2022_02_13_h15m12s53__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژەی کارەبا جێبەجێ بکرێن و بەرھەمی کارەبا بۆ زیاتر لە چوار ھەزار مێگاوات زیاد دەبێت، جگە لەوەش، دوو ھەزار مێگاواتمان ھەیە کە بەھۆی نەبوونی غاز وەستاوە و پلان ھەیە کە غازمان بۆ دابین بکرێت، بەوەش کێشەی کارەبامان بەتەواوی چارەسەر دەبێت.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەردەوامین لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێ لە ھەرێمی کوردستاندا بەگشتی لە بواری کارەبا بۆ زیادکردنی بەرھەم کە پڕۆژەیەکی چوار سەد کەیفی ھەیە و وێستگەی بازیان و چەند وێستگەیەکی دیکە فراوان دەکرێن و سێ پڕۆژەمان ھەیە لەڕێگەی وزەی خۆر کە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن و ئەو پڕۆژانە وا دەکات کە بەرھەمی کارەبا زیاد بێت چونکە ئێستا سێ ھەزار و٧٠٠ مێگاوات کارەبامان ھەیە و ئەگەر ئەو پڕۆژانە تەواو بن، ئەوکات بەرھەمی کارەبای ھەرێم لە چوار ھەزار مێگاوات زیاتر دەبێت.''
ئومێد ئەحمەد گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان دوو ھەزار مێگاوات کارەبامان ھەیە کە بەھۆی نەبوونی غازەوە وەستاوە و پلان ھەیە کە بەرھەمی غاز زیاد بکرێت و بۆمان دابین بکرێت، ئەوکات کە ئەو دوو ھەزار مێگاوات کارەبایە بکەوێتە کار، کێشەی کەمیی کارەبامان نامێنێت و بەتەواوی چارەسەر دەبێت.''
بڵند ئیبراھیم




