٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ژمارەی بانکی بۆ مامۆستایان دروست دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەی بانکی بۆ مامۆستایان بکاتەوە و بەڕێوەبەری پەروەردەی ھەولێریش دەڵێت، دوای کردنەوەی ژمارەی بانکی، مامۆستایان دەتوانن لە شوێنە گشتییەکانیش پارە ڕاکێشن و مووچە و ھەموو پارەیەکیان دەخرێتە نێو ئەو ژمارە بانکییەوە.

دلێر عەبدوڵڵا حەسەن، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەلایەن جکوومەت و فەرمانگەی بایۆمەترییەوە ئاگادار کراینەوە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکرێت بۆ کردنەوەی ژمارەی بانکی بۆ ھەموو مامۆستایان، لەبەر ئەوەش پەروەردەکان دەستیان بە کۆکردنەوەی زانیاریی ھەموو مامۆستایان کردووە بۆ ئەوەی ژمارەی بانکییان بۆ بکرێتەوە.''

بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی ھەولێر دەشڵێت: "کاتی دەستپێکردنی پڕۆسەکە دیاری نەکراوە، بەڵام بڕیارەکە پێشتریش ھەبووە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، جارێکی دیکە حکوومەت دەست بە پڕۆسەی دروستکردنی ژمارەی بانکی دەکات.''

دلێر عەبدوڵڵا حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کردنەوەی ژمارەی بانکی بۆ مامۆستایان ھەنگاوێکی گرینگە بۆ کارئاسانی مامۆستایان، چونکە مووچەی مامۆستایان لە ڕێگەی بانکەوە دابەش دەکرێت و گەرەنتی زیاتری ھەیە، ھەروەھا مامۆستایان دەتوانن پارەی ماڵەوەش بخەنە سەر ژمارەی بانکیی خۆیان و ھەتا پلانمان ئەوەیە لە شوێنە گشتییەکانیش ئەو ژمارەیە ھەبێت، بۆ نموونە ئێستا لە شوێنە گشتییەکان و مۆڵەکان ئامێری ڕاکێشانی پارە ھەیە، مامۆستایان ئەوکات لە زۆر ڕێگەوە دەتوانن پارەی خۆیان وەربگرنەوە.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار