٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان دواگۆڕانکاری و پێشهاتەکانی تاوتوێ كرد

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سەرۆکی حکوومەت ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.

ئەمڕۆ شەممە  12/2/2022، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە.

سەرۆکی حکوومەت، باسی لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد کە پێویستە حکوومەتێک بێت خزمەتی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و پێکهاتە جیاوازەکانی بکات و ببێتە هۆی سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایشی عێراق.

سەرۆکی حکوومەت، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.

سەرۆکی حکوومەت،  ئاماژەی بە کارنامەی حکوومەتی هەرێمدا بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی باجەکان و كارئاسانیكردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ برەودان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی لە نێوان دامودەزگاکانی  حکوومەت بە شێوەیەکی مۆدێرن و هاوچەرخانە و کەمکردنەوەی گەندەڵیی بە جۆرێک کە خەرجیی ڕۆژانەی حکوومەت، بە سیستمی ئۆنڵاین و بەشێوەیەکی شەفاف و ڕوون ئەنجام بدرێت.

جەختیشی کردەوە کە وێڕای ناکۆکییە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ، بەڵام نەمانهێشتووە ئەو کێشە و ناکۆکییانە، ڕەنگدانەوەی نەرێنی لە ناو حکوومەتی هەرێمدا دروست بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە  پەیوەندیی و هەماهەنگییەکی باش لە نێوان ئەندامان و بەشدارانی کابینەی نۆیەمدا هەیە. 

سەرۆکی حکوومەت، دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئاماژەشی بە گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە ڕێگەی نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە و کاراکردنی سەنتەرەکانی هەماهەنگیی ئەمنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە کێشەی کۆچبەران و ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچکردنی نایاسایی کرد.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی سەرنج و تێبینی  و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار