٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

'' پەیامەکەی جۆ بایدن تۆڵەکردنەوە بوو''

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info-  وەڵاتانی جیهان دەیانەوێت کەیسی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان بە جینۆساید بناسێنن، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییانیش دەڵێت، هەموو هەوڵێک، چ هەوڵی یۆنیتاد، یان هەوڵی سەرۆکی وڵاتێکی وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، جۆ بایدن، یان هەوڵی پەرلەمانێک بێت بۆ پرسی بەجینۆسایدناساندنی کەیسی کوردانی ئێزدی، بەرزی دەنرخێنن، چونکە مانای ئەوەیە کە هێشتا دەنگی ئەم کۆمەڵکوژییە لە گوێی جیهاندایە و ئەم لێدوانانەش جۆرە ددانپێدانانێکە بە کەیسی کوردانی ئێزدیدا.

ڕۆژی ٣ی شوباتی ٢٠٢٢، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی، یەکەم تیرۆریست لەسەر ئاستی جیهان و سەرکردەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی بە سزای خۆی گەیاند کە سەرکردایەتیی دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی لە جیهاندا دەکرد. لەم بارەیەوە سەرۆك بایدن گوتی: "قوڕەیشی بزوێنەری هەڵمەتی جینۆسایدکردنی ئێزیدییان بوو لە باکووری ڕۆژئاوای عێراق لە ساڵی''. هەموومان ڕووداوە ناخهەژێنەکانی ئەو کاتەمان لەبیرە، هەر لە کوشتنی بەکۆمەڵەوە تا دەگاتە پاکتاوکردنی چەندین گوند و فرۆشتنی هەزاران ژن و کچی گەنج وەك کۆیلە و بەکارهێنانی لاقەکردن وەك ئامڕازی شەڕ.

حسێن قاسم حەسوون، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکرات کوردستان گوتی: ''مانای ئەم لێدوانانە ئەوەیە کە هێشتا ئەوان ئاگایان لە ڕەوشی ئێزدییانە و بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردن و گەیاندنی مەینەتییەکانیان و کوشتنی قوڕەیشی و پەیامەکەی بایدن ئەوە بوو کە ئێمە تۆڵەی ئێزدییانمان لە داعش کردەوە و، دیوەکەی تری پەیامەکەی بایدن ئەوە بوو داعش هەر کەسێک بکاتە سەرکردەی خۆی، دەتوانین لەناوی ببەین و قوڕەیشی و ئەبوبەکر بەغدادی نموونەن.''

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و، ٨٠ وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش هەر بەردەوامن لە هاوکارییەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی دوپات دەکاتەوە بە کارکردن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانییەتیی شکستپێهێنانی داعش دڵنیایی دەدات لەوەی کە داعش بە شکتپێهێنراوی دەمێنێتەوە و یارمەتیی ڕزگاربووان دەدەن تا بگەڕێنەوە دۆخی ئاساییی خۆیان و لەگەڵ دروستکردنی داهاتوویەکی سەلامەتتر و باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.

ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم دەشڵێت: ''ڕیکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت پەرلەمانەکان باسی کەیسی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان دەکەن و دەشڵێن ئەوەی بەسەریان هاتووە جینۆسایدە، ئەم باسکردنە جۆریکە لە چارەسەری دەروونی بۆ ئێزدییان، بەتایبەت کوردانی ئێزدی هەست بەوە دەکەن کە ئەوان لە جیهاندا پشتگوێ نەخراون و هێشتا لەنێو باسە گرنگەکانی جیهاندان و سەرۆک و سەرکردە جیهانییەکان لە لێدوانەکانیاندا باسی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەن، هەرچەندە پرسی بەجینۆسایدناساندن ڕیگایەکی دوورە، چونکە دۆخی شنگال خراپە و گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵنەدراونەتەوە و خەڵک نەگەڕاوەنەتەوە شوێنی خۆیان و سیراعاتی ئیقلیمی لەنێو خاکی کوردانی ئێزدیدا هەن.''

تا ئێستا ١٥ لایەنی نێودەوڵەتی ددانیان بە جینۆسایدی ئێزدییاندا ناوە، بەتایبەت دوو گەورەترین دەسەڵاتی تەشریعی لە جیهاندا، واتا کۆنگرێسی ئەمەریکا و پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، هەروەها گەورەترین ڕیکخراوی نێودەوڵەتی، کە ئەویش یۆنیتادە

حەسوون گوتیشی: ''ڕۆژانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی ئێزدییان بە ڕێگای یاسایی و دەستووری و ئەمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەبێت، بەڵام بەداخەوە چەندین گرووپی ناشەرعی، خۆیان بەسەر خاکی شنگالدا سەپاندووە و حساباتی ئیقلیمییش لە ناوچەکەدا هەیە، ئەمانەش بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ نەچنە شارەکە و خزمەتگوزاری لە شارەکە نەبێت.''

لە کۆتاییدا ئاماژەی دا: ''یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر شوینە ڕەسەنەکەیان ''متمانەکردنی خەڵکە بە خاکەکەی''، بەڵام ئێستا سەقامگیریی سیاسیی و ئەمنی لە شاری شنگالدا نییە، بۆیە ئەم هەنگاوە نییە و، خەڵک ناتوانێت بەتەواوی پشت بەو هێزانە ببەستێت، چارەسەرکردنی کێشەی شنگال پەیوەست بە لایەنێکەوە نییە تاوەکوو چارەسەر بکرێت، بەڵکوو کێشەیەکی هەمەلایەنەی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.''

کــاروان باعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار