٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە: لە ماوەی داھاتوودا کۆمەڵێک پڕۆژه‌ ڕایدەگەیەنین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامەو بۆ ئەمساڵیش پلانی تۆکمە دانراوە، ھاوکات دەڵێت، ئەو خاڵانەی لە ساڵی ڕابردوو بەشێوەی تیۆری کاری لەسەر کراوە ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێن، کە گرینگترینیان رێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەیە.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، عەمید عوسمان محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "چاکسازیکردن لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و بۆ ئەمساڵیش وەکو تەواوکاری پڕۆسەی چاکسازی ساڵی ڕابردوو بەردەوام دەبێت و ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەمساڵ پلانەکان تۆکمەتر و بەشێک لەو خاڵانەی ساڵی ڕابردوو تەواو بووە لەڕووی تیوۆریەوە وردە وردە دەکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە و ئەوەی پێویست بێت کاریان لەسەر دەکرێت".

عەمید عوسمان محەمەد گوتیشی: "یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی پێشمەرگە خاڵێکی گرنگە و کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەش لە ماوەی داھاتوو ڕایدەگەیەنین و بەردەوام لیوای تازە ئامادە دەکرێت لە ھەردوو یەکەی ٧٠ و٨٠، کە دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەی لیواکان بەردەوام لەزیاد بوونە و ئێستا کار بۆ ئامادەکردنی لیوای دیکەش دەکرێت".

محەمەد باسی لەوەشکرد: "یەکەی ژمێریاریش تەواو بووە و کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئێستا قۆناغ بە قۆناغ لیواکانی پیادە مووچەکانیان دەبێتە چەک و بەو شێوەیە مووچە وەردەگرن".

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار