٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستخۆشی پارتی دەگەینرێتە پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیا

سەرچاوە: KDP.info

پارتی  دیموکراتی کوردستان لەسەر ناوی سەرکردایەتی و مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ناردنی نامەی فەرمی بۆ هەریەک لە سەرکردایەتیی پارتە سیاسییەکانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ (پارتی کریستیان  دیموکراتی ئەڵمانیا CDU، پارتی سۆشیاڵ  دیموکراتی ئەڵمانیا SPD، پارتی دیموکراتی ئازاد – لیبەراڵەکان FDP،  پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا  Die Grunenو پارتی کریستیانی کۆمەڵایەتی ئەڵمانیاCSU  لەسەر ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانKDP  و خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەستخۆشی و شاگەشکەیی و سوپاس و ستایشی ئاراستەی پارتە سیاسییەکان و پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆندستاگ کردووە بۆ ئەو بڕیارەی بە کۆی دەنگی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا لە بۆندستاگ پەسەندیان کرد بۆ درێژکردنەوەی وادەی مانەوەی خزمەتی هێزەکانی سەربازانی سوپای کۆماری ئەڵمانیاتی فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ بەردەوامیدان بە پشتگیری و هاوکارییان لە شەڕی تیرۆر و مەشق و ڕاهینان و ڕاوێژی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئەمنی و سوپای عێراقی فیدراڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، کە بە بڕیارێکی گرنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی پشتگیری ئەڵمانیا لە شەڕی تیرۆر و بنبڕکردنی توندوتیژی هەژمار دەکرێت بۆ هێنانەدی ئاشتی و ئاساییش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

هاوکاری و پشتگیریی نێودەوڵەتی و ڕاوێژکاری و مەشق و ڕاهێنانەکانی هێزەکانی سەربازی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە ساڵانی ڕابردوو و بەردەوامیدان بە هاوکاری و پشتگیرییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر و ڕۆڵی بەرچاوی هێزەکانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا بوون بە هۆکاری شکستپێهێنانی هێرش و پەلامارە تیرۆریستییەکان و دوورخستنەوەی مەترسییەکان و هەڕەشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئەزموونی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستان و دانیشتووان و خەڵکی سڤیل و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کە بە مەترسیداردرین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیهانی دەناسرێت و بووەتە هەڕەشە بۆ سەر مرۆڤایەتی و جیهانی ئازاد و شارستانی، سەرەڕای ئەوەی لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی فیدراڵ لەسەر زەوی تێک شکێنراوە و هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەدەست داوە، بەڵام هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەم ڕێکخراوە هێشتاش ماوە، بەهۆی ئەوەی دووبارە خۆی ڕێک خستووەتەوە و سەرهەڵدانەوەی لە چەندین شوێنی ناوچەکەدا و بەردەوامیدان بە هێرش و پەڵامارە تیرۆریستییەکان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و بەتایبەتی مەترسییەکانی بۆ سەر خەڵکی سڤیل لەو ناوچانەی کە بۆشاییی ئەمنی هەیە، نەک تەنیا بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاساییش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکوو مەترسیی سەهەڵدانەوەی پەلامارە تیرۆریستییەکانی داعش، ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری نێودەوڵەتییش دەخاتە بەردەم مەترسیی جددییەوە کە بۆ شکستپێهێنانی پەلامارە تیرۆریستییەکان پێویستیی بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگی و پشتگیریی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی و مانەوەی هێزەکانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تواناسازی و مەشق و ڕاهێنان و ڕێگریکردن لە کردە تیرۆریستییەکانی داعش، بەتایبەتیش بۆ سەر دامەزراوە فەرمی و حکوومی و ئەمنی و سەربازییەکان و خەڵکی سڤیل و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

پارتی  دیموکراتی کوردستان بۆ بەردەوامیدان بە پشتگیریی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی و هێزەکانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە کوردستانەوە پێشوازی لەم بڕیارەی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا و پشتگیری پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیا دەکات و بە هەنگاوێکی دڵخۆشکەر وەسفی دەکات و ئەم هەڵوێستە بەرزەی گەل و حکوومەت و پەرلەمانی فیدراڵی (بۆندستاگ) لەم بارۆدۆخە هەستیارەی لە ناوچەکەدا هەیە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت کە کۆماری ئەڵمانیا بە چاوی هاوبەشێکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت. بۆیە لەسەر ناوی گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی پارتی  دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە سوپاس و ستاییشی پشتگیری و بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و وڵاتانی تری بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات کە بەم بڕیارە گرنگەی کە لەلایەن پەرلەمانی فیدراڵی کۆماری ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی تری ئەورووپاوە وە پەسەند کراوە، ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی زیاتر بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە و پشتگیری و هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش ڕێخۆشکەر دەبن بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و توندوتیژیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ئێستا و ئایندەی ناوچەکەدا، کە هەرێمی کوردستان لایەنێکی گرنگ و بەهێز بووە لە بەرەی پێشەوەی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و، جیهانی ئازاد بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار