مەلا یاسین: قەبارەی بەگەڕخراوی خانووبەرە گەیشتووەتە ١١٨ ملیار دۆلار

هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان ئاشکرای کرد، قەبارەی بەگەڕخراوی خانووبەرە گەیشتووەتە ١١٨ ملیار دۆلار و ڕەوشی خانووبەرە لە ھەولێر بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و کوردستان باشترە.
مەلا یاسین، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "قەبارەی بەگەڕخراوی کەرتی خانووبەرە لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە ١١٨ ملیار دۆلار، ئەمەیش لە کەرتی نیشتەجێبوون و دابەشکردنی زەوی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، لە ساڵانی ڕابردوو ٢١٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان پێ دراوە و تا ئێستا ٣٥ ھەزار لەو یەکانە نەفرۆشراون''.
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان گوتی: "بەپێی بەدواداچوونی یەکێتیی وەبەرھێنەران ڕەوشی کەرتی خانووبەرە لە پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگای ھەولێر و دھۆک لاوازە، چونکە ساڵی ڕابردوو گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی خانووبەر کەمتر تۆمار کراوە و ئەزموونی خانووبەرە لە ھەولێر بەراورد بە سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەی عێراق سەرکەوتووترە.''
مەلا یاسین ڕوونیشی کردەوە: "ژمارەیەکی زۆری داوای مۆڵەت بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و دھۆک و سلێمانی هەیە و ئەوەش کارەساتی بەدوادا دێت، چونکە پێویستە ڕەچاوی کەرتی خانووبەرە بکرێت و پلانەکان وردتر بکرێنەوە بۆ پێدانی مۆڵەتی یەکەی نیشتەجێبوون.''
قائید میرۆ




