کەرکووک.. مەترسیی داگیرکردنی زەویی دوو ھەزار جووتیاری کورد هەیە

کەرکووک-KDP.info- ساڵانە لە کاتی کێڵانی زەوییەکانیان، جووتیارانی کورد لە کەرکووک لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە رووبەڕووی ئاستەنگ و کێشە دەبنەوە، بەرپرسێکی کەرکووکیش دەڵێ، ئیدارەی ئێستای کەرکووک پشتگیریی عەرەبی شۆڤێنی دەکات بۆ داگیرکردنی زەویی ھاووڵاتیانی کورد.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو عەرەبانەی ئێستا ھاتوون بۆ داگیرکردنی زەویی کوردانی دبس و سەرگەڕان، پێشتر لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق بە زەبری ھێز زەویی کوردیان داگیر کردبوو، ئێستاش بە ھەمان شێوە ئیدارەی بەزۆر سەپێندراوی کەرکووک پشتگیرییان دەکات و بەزۆر دەیانەوێ زەویی کورد زەوت بکەن".
ئەمساڵیش ھاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ژمارەیەکی بەرچاوی عەرەبی شۆڤێنی، ئەوانەی لە سەردەمی رژێمی بەعس زەویی کوردیان داگیر کردبوو، گەڕاونەتەوە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک و دەیانەوێ دەست بەسەر زەویی جووتیارانی کورددا بگرن، بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، نزیکەی دوو ھەزار پارچە زەوی مەترسیی داگیرکردنیان ھەیە.
بەرپرسەکەی پارتی روونی کردەوە: "زۆربەی ئەو عەرەبە شۆڤێنیانە، دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق وەک ئاوارە خۆیان تۆمار کردووە و دوای قەرەبووکردنەوە، گەڕاونەتەوە شوێنی پێشووی خۆیان، بەڵام ئێستا دیسان گەڕاونەتەوە کەرکووک و داگیرکاری دەستی پێکردووتەوە".
حوسێن گوتیشی: "کاتێک دەسەڵاتی کورد نەما لە کەرکووک، مەترسی دەکەوێتە سەر کوردانی ئەو ناوچانە، چونکە ئەوانەی داگیرکارن، پشتگیرییان ھەیە لە ڕووی سەربازی و ئیدارییەوە و ھاوکارییان دەکرێت، ئەمەش ھەوڵێکی دیکەی تەعریبە و ئەو تەعریب و داگیرکارییەی ئێستا دەکرێت، لە ھیچ سەردەمێکی دیکەدا نەبووە، پارتی ھەمیشە پشتگیری لە جووتیاران و خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان دەکات و لە رێی نوێنەرانی خۆشمانەوە ھەموو ھەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەعریب دەدەین".
قائید میرۆ




