یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی: پێشخستنی کەرتی بازرگانی بۆ ھەمان ساڵانی پێش کۆرۆنا دەگەڕێنینەوە

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەمساڵ دۆخی بازرگانی زۆر باشە و ئێمە پێشتر ساڵانە بەشداریمان لە١٠٠ پێشانگای بازرگانیدا دەکرد و ھەوڵ دەدرێت ئەمساڵیش بە ھەمان شێوە بەشداری لە ھەمان ڕێژە بکەین، چونکە پەیوەندییەکی فراوانی بازرگانیمان لەگەڵ وڵاتان ھەیە .
ئەسکەندەر محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە پەیوەندیی بازرگانی بەردەوامین لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی جیھان و کونسوڵخانەکان و ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت سەرادانی ھەرێم بکەن و ئێمەش سەردانیان بکەن و ئێستاش لە وڵاتانی ئەورووپا کردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی دەستی پێ کردووەتەوە و کۆنفرانسەکانیش بە ھەمان شێوە دەکرێت لە وەرزی بەھار و لە ھەرێمی کوردستانیش خەڵکێکی باش بەشداری دەکات، ئەمەش قۆناغێکی باشە.''
ئەسکەندەر محەمەد گوتیشی: ''نرخی نەوت بەرز بووەتەوە و بووژانەوەی ئابووری ھەیە و بەگشتی وڵاتانی جیھانی گەشەی ئابووری ھەیە ئەوەش لە قازانجی خەڵکدایە ئەمەش وا دەکات زیاتر کار بکرێت و پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ١٥٠ وڵات ھەیە و لەگەڵ ١٠٠ ژووری بازرگانی پڕۆتۆکۆڵی لێکتێگەیشتنمان ھەیە و بەشداری ساڵانە لە١٠٠ پێشانگای نێودەوڵەتی دەکەین، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوو بەھۆی کۆرۆنا نەگەیشتینە ئەو ڕێژەیە، بەڵام ئەمساڵ کار دەکەین بگەینەوە ئەو ڕێژەیە''.
محەمەد باسی لەوەش کرد: ''کار دەکەین خەڵکێکی زۆر بێتە ھەرێمی کودستان و ھێشتا سەرەتای ساڵە دۆخی بازرگانی زۆر باشە، چونکە نرخی نەوت بەرزە و داھاتی ناوخۆ زیادی کردووە و ھاوردە زیادی کردووە و پەیوەندییەکانیش بەردەوام لە پێشکەوتندان، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی پێشکەوتنی باش لە بواری بازرگانی ھەیە.''
بڵند ئیبراھیم




