٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدوڵڵا ئاکرەیی: ھەر زیندانییەکی ھەرێم لە ئێران ھەبێت دەیگەڕێنینەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران رایگەیاند، تا ئێستا ١٣٥ زیندانیی وڵاتی ئێرانیان رادەستی ئەو وڵاتە کردووەتەوە و ٢٥ زیندانییش ماون، کە ئەوانیش رادەست دەکەنەوە. دەشڵێ: "لە ئێرانیش ھەر زیندانییەکی ھەرێم ھەبێت، رادەستی ئێمەی دەکەنەوە".

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە بەردەوامیی گەڕاندنەوەی زیندانییەکانی وڵاتی ئێران لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەو وڵاتە، کە بەپێی رێککەوتنێک لە نێوان عێراق و ئێران ئەنجام دراوە، تا ئێستا سێ وەجبە نێردراونەتەوە، ئەویش پێویستە زیندانی چەند مەرجێکی تێدا بێت، کە حوکمی قەتعی زیندانی ھەبێت و ھیچ کەسێک سکاڵای لەسەر نەکردبێت، هەروەها زیندانیی سیاسی نەبێت و پێویستە بە رەزامەندیی خۆی بگەڕێتەوە بۆ زیندانەکانی ئێران، بۆیە وەجبەی سێیەم ١٠ زیندانی ئەو مەرجانەیان تێدا بوو بۆ ئەوەی رادەستی ئێرانیان بکەین و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ھەرێم و ئێران لە ھەرێمی کوردستان و لەسەر سنووریش بە ئامادەبوونی جێگری وەزیری داد و چوار دادوەری ئێرانی، زیندانییەکان رادەست کران".

بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتیشی: "بە شێوەیەکی زۆر رێکوپێک زیندانییەکان رادەستی ئێران کرانەوە و ئەوانیش باسیان لەوە کرد کە ھەندێک زیندانیی ئێوەش لای ئێمە ھەن و ئێمە لێمان پرسیون باسیان لەوە کردووە، کە پەناھەندەن و ماڵیان لە ئێرانە و ناگەڕێنەوە بۆ کوردستان لەسەر داواکاریی خۆیان، هەروەها بەشێکی دیکەش ھەن لێیان دەکۆڵینەوە ئەگەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان بن، ئامادەین بیانگەڕێنینەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و رادەستی ئێوەیان بکەین".

ئاکرەیی ڕوونیشی کردەوە: "٢٥ زیندانیی دیکە ماون لە ھەرێم، کە حوکمی کۆتاییان لێ درا، ئەوانیش رادەست دەکەینەوە، کە وەجبەی یەکەم ٩٠ زیندانی بوون و وەجبەی دووەم ٣٥ کەس بوون و هی سێیەمیش ١٠ زیندانی بوون، بۆیە بەردەوام دەبین تا سەرجەمیان رادەست دەکەینەوە و ھەرچی زیندانیی ئێمەش لەوێ ھەبن، رادەستی ئێمە دەکرێنەوە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار