''لە ئامێدی دەست بە تاپۆی خانووی زێدەڕۆ دەکرێت"
_(10)__2022_02_07_h16m24s26__ER.jpg)
ئامێدی-KDP.info- لیژنەیەک بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە قەزای ئامێدی دەستبەکار بوو، قایمقامی ئامێدییش دەڵێت، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین سەردانی لیژنەی تایبەت بکەن.
وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای بڕیاری حکوومەتی هەرێمی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بەخاوەنکردنی خانووی زێدەڕۆ لە سنووری قەزای ئامێدی لیژنەیەک پێک هاتووە و ئێستا دەست بە وەرگرتنی مامەڵەی هاووڵاتییان کراوە و هەر کەسێک پێشتر خانووی زێدەڕۆی دروست کردووە، دەتوانێت سەردانی لیژنەی تایبەتمەند بکات بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی.''
قایمقامی ئامێدی دەشڵێت: "لە سنووری ناحیەکانی بامەڕنێ و سەرسنگ و شیلادزێ خانووی زێدەڕۆ هەیە و دەست بە تاپۆکردنیان دەکرێت.''
وارشین سەلمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ بەگوێرەی یاسای بەرکار دەبێت، چونکە ڕێنمایی دەرکراوە لەلایەن حکوومەت و ئیدارەی خۆجێی دهۆک، لیژنەی قەزای ئامێدییش بەگوێرەی ئەو ڕێنمایییانە مامەڵەی هاووڵاتییان بەڕێوە دەبات، بەڵام تا ئێستا نازانین ژمارەی خانووی زێدەڕۆ چەندە تا ئاماری گشتی وەردەگرێن.''
قائید میرۆ




