یەکەم ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەڕێوە چوو

مەخموور -KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەییی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی، بۆ یەکەم جار لە سنووری مەخموور ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپراسیۆنێکی ھاوبەشیان ئەنجام دا، ئەمەش دەستپێکێکی گرنگە بۆ کاری ھاوبەش و پێکەوەیی و لەمەودوا کاری دیکەی ھاوبەش بەردەوام دەبێت.
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەییی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمڕۆ لە میحوەری پێنج و شەشی پێشمەرگە و سوپای عێراقی فرقەی ١٤ و فرقەی ٨ و ھێزەکانی کەرکووک ئۆپراسیۆنێکی ھاوبەش لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجام درا لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان و سەربەشاخ و چەند شوێنێکی دیکە و ھێزەکان کێوماڵی ناوچەیان کرد، کە ئەمە یەکەم جارە ئۆپراسیۆنی ھاوبەش دوای ڕێککەوتن ئەنجام بدەن.''
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: ''ئەمە ھەنگاوی یەکەمە و لەمەودوا ھەنگاوی دیکەی بەدواودا دێت و کاری ھاوبەش و پێکەوەیی بەرەوام دەبێت، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە لە نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە، بەڵام ئەوەی کراوە ھەنگاوێکی زۆر باش بوو، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کاری باشتر بکرێت.''
بڵند ئیبراھیم




