٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان چاوەرێی پشکی ھەرێم لە بەغدا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی کوردستانی ئامادە کردووە و چاوەڕێ دەکات حکوومەتی نوێی عێراق پێک بێت و بزانێت پشکی ھەرێم لە بودجەی تازەی عێراق چەندە کە ئێستا عێراقیش بودجەی ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی دواتر ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ پەسەندکردن.

ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر ئەرشەد تەھا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ساڵی ڕابردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی کوردستانی ئامادە کرد بۆ ئەوەی ڕەوانەی پەرلەمانی بکەن، بەڵام چاوەرێی پشکی ھەرێم دەکرا لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق و پشکی ھەرێم دیاری کرا و عێراق پێیەوە پابەند نەبوو، بۆیە بووە بەربەست لە بەردەم ناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان.''

ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: ''ئێستا پڕۆژەیاساکە ئامادەیە و بودجەی تەشغیلی ئامادەیە و تەنھا وەزارەتی پلاندانان پێویستە بودجەی وەبەرھێنانیان بۆ بنێرێت و ئەوانیش چاوەڕێی ئەوە دەکەن کەبزانرێت پشکی ھەرێم لە بودجەی عێراق چەندە، چونکە ئەوانیش بودجەی ئەمساڵیان ئامادە کردووە و چاوەڕێی پێکھێنانی حکوومەت و دەستبەکاربوونی لیژنەکانی پەرلەمان دەکەن، بۆیە ھەردوو حکوومەت چاوەڕێ دەکەن حکوومەتی نوێ پێک بێت، چونکە ھەردووکیان ڕەشنووسی بودجەیان بۆ پەرلەمان ئامادەیە.''

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار