عارف حیتۆ: بڕیاری لێخۆشبوون بۆ قەرزدارانی سندووقی بیمەی کۆمەڵایەتی دەرچووە

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاری دا بۆ ئەو کەسانەی قەرزداری سندووقی بیمەی کۆمەڵایەتین و بەرپرسێکی وەزارەتەکەش دەڵێت، دەرفەتێکی باشه بۆ ئەو کەسانەی قەرزیان لایە، تاکوو سوود لە بڕیاری وەزارەت وەرگرن.
عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاری دەرکردووە بۆ کەسانەی قەرزداری سندووقی بیمەی کۆمەڵایەتین و هەر کەسێک قەرزەکەی بگێڕێتەوە لە ماوەی سێ مانگدا هیچ سزایەکی پێبژاردنی بۆ جێبەجێ ناکرێت، ئەوەش دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو کەسانەی تا ئێستا قەرزی سندووقی بیمەی کۆمەڵایەتییان لایە و بێ هیچ زیادەیەک دەتوانن قەرزەکە بگێڕنەوە.''
عارف حیتۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "سندووقی بیمەی کۆمەڵایەتی لە ساڵی 1971 دەستی بە کار کردووە و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان قەرزداری سندووقەکەن، بڕیاری وەزارەت دەرفەتێکە بۆ قەرزداران و دەتوانن سوود لە بڕیاری حکوومەت وەربگرن، چونکە دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی دیاری کراوە، سزای پێبژاردن جێبەجێ دەکرێت.''
قائید میرۆ




