٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دابەشکردنی نەوت لە ھەولێر و دھۆک بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان لە دھۆک و ھەولێر بەردەوامە و بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئەو دوو پارێزگایەش، رێژەیەکی باشی نەوت دابەش کراوە و بەردەوامیش دەبن تا ھەموو ماڵێک نەوت وەردەگرێت.

ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان تەواو بووە و لە دەوروبەری ھەولێریش دەستمان پێکردووە، کە ئەویش ٨٠%ی تەواو بووە و ئێستاش لە کۆیە و لە ناوشاریش دابەشی دەکەین، ئەوەی دەوروبەری ھەولێر نرخی ٥٥ هەزارە و ئەوەی ناو ھەولێریش نرخەکەی ٩٠ هەزار دینارە".

کاکەشین گوتیشی: "ئێمە لە ھەولێر پێویستمان بە ٩٢ ملیۆن لیتر نەوت ھەیە و تا ئێستا ٤٢ ملیۆن لیترمان دابەش کردووە".

لای خۆشیەوە، قایمقامی دھۆک، جەھوەر عەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری دھۆک بەردەوامە و ئێمە رۆژانە نەوت دابەش دەکەین، کە تا ئێستا ١٠ هەزار و ٢٠٠ کارتی نەوتمان دابەش کردووە و وەجبەی دووەمیش ٨ هەزاری دیکەش دابەش دەکەین، بۆ ئەوەی نەوت بەسەر ئەوانیشدا دابەش بکرێت، چونکە لە دھۆک ٨٠ هەزار خێزانمان ھەیە، کە پێویستە نەوتیان پێ بدرێت و بەردەوام دەبین تا ھەمووان نەوت وەردەگرن، کە نرخەکەی ٩٠ھەزار دینارە".

دەشڵێ، ئەو نەوتەی بە ٩٠ هەزار دینارە، لە بەغدا بە ٨٠ هەزار دینار دەیکڕن و تا دەگاتە ھەرێمی کوردستان، نرخەکەی دەگاتە ٩٠ هەزار دینار.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار