دیاری حوسێن: پارتی قبووڵ ناکات جارێکی دیکە ڕاکان جبووری ببێتەوە پارێزگاری کەرکووک

کەرکووک -KDP.info- پارتی لە کەرکووک هەڵوێستی خۆی لەبارەی دووبارەدانانەوەی ڕاکان جبووری ڕاگەیاند و بەرپرسێکی پارتییش دەڵێت، قبووڵ ناکەن ڕاکان جبووری ببێتەوە پارێزگاری کەرکووک، لە کاتێکدا ئەوەی ئەو بەسەر کەرکووکی هێناوە لە هیچ سەردەمێکدا ڕووی نەداوە.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی بە ھیچ شێوەیەکی قبووڵ ناکات جارێکی دیکە ڕاکان جبووری ببێتەوە بە پارێزگاری کەرکووک و ئەو خەڵکەش باجی پارێزگاربوونی ڕاکان جبووری بدات، کە لە کەرکووکە.''
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "ئەگەر پارتی گەڕایەوە کەرکووک ئەوکات دەبینن شوێنی ڕاکان جبووری و هاوشێوەکانی نامێنێت، چونکە پارتی هێزێک نییە تەعریب و پیلانی شۆڤێنی قبووڵ بکات و ئێمە دەزانین چی دەکەین بۆ کەرکووک.''
دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک دەیەوێت کورد و پێکھاتەکانی دیکە پێکەوە نەژین و ئەوەی لە دەستی ھاتبێت لە تەعریب و گەندەڵی درێغیی نەکردووە و دەیان بەڵگەش ھەن لەسەر گەندەڵییەکانی ڕاکان جبووری.''
قائید میرۆ




