لە ڕێگەی کۆنفرانسەوە پلانی ئەمساڵی گەشتوگوزار ڕادەگەیەندرێت

هەولێر -KDP.info- بڕیارە کۆنفرانسێک لەبارەی ڕەوشی گەشتوگوزار بەڕێوە بچێت و گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریش دەڵێت، لە ڕێگەی کۆنفرانسەوە پلانی ئەمساڵ ڕادەگەیەنن.
نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە کۆنفرانسێک لەبارەی کەرتی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت و تێیدا پلانی ئەمساڵی گەشتوگوزار ئاشکرا دەکرێت کە بەپێی پلانی گەشتوگوزار ھەوڵ دەدرێت ڕێژەیەکی زۆری گەشتیار بێنینە ھەرێمی کوردستان، چونکە ساڵانە پلانی گەشتوگوزار ڕادەگەیەندرێت.''
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دەمانەوێت ھەماھەنگی لە نێوان دەستە و دەستەی وەبەرھێنان ھەبێت بۆ ئەوەی زیاتر پڕۆژەی کەرتی تایبەت جێبەجێ بکرێن و سوود لە کەرتی وەبەرھێنان وەربگرین بۆ کەرتی گەشتیاری.''
نادر ڕۆستی گوتیشی: "بەھۆی ھاتنی بەفر و بارانێکی زۆرەوە پێشبینی دەکەین وەرزی بەھاری ئەمساڵ جیاوازیی ھەبێت لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو و شەپۆڵی ئەمساڵی بەفر کاریگەریی ھەبووە لەسەر ھاتنی گەشتیاری بەفر بۆ ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، چونکە گەشتیار ھەیە دەیەوێت سوود لە دیمەنی بەفر وەربگرێت.''
قائید میرۆ




