ھۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان دەکات

ھەولێر-KDP.info - گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، وڵاتی ھۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستان لە بواری کشتوکاڵدا پڕۆژەی وەبەرھێنان بە تازەترین تەکنیکی وڵاتی خۆیان جێبەجێ دەکات و، ئەمەش سوودی زۆری بۆ جووتیارانی ئێمە دەبێت و دەبێتە ناوەندێکی پێگەیاندنیش.
حوسێن حەمە کەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''شاندێکی ئێمە سەردانی ھۆڵەندای کرد و لیژنەیەکی ڕاوێژکاری ھاوبەش لە نێوان ئێمە و ھۆڵەندا ھەیە و پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی جووتیارانی ئێمە سوود لە ئەزموونی تەکنەلۆژیا و تەکنیکی ھۆڵندییەکان وەربگرن، بۆیە شاندی ئێمە ڕۆیشتبوو و ئەوانیش لێرە بەردەوام لەگەڵ جووتیاران لەسەر خەتن کە چۆن سوودیان لێ وەرگرن و لەگەڵ ئەوەش دوو پڕۆژەی لە ھەولێر و سلێمانی جێبەجێ دەکەن کە خانووی شووشەیین و ھەریەکەیان لەسەر چوار دۆنم زەوی دروست کراوە و زۆر جیاوازە لەگەڵ خانووی پلاستیکی''.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''ئەوە تازەترین تەکنیکی ھۆڵەندایە و ئێستا ئامێرەکان ھاتوون و کار بۆ جێبەجێکردنی دەکرێت، چونکە دوو ملیۆن یۆرۆی تەرخان کردووە و بەشێکی لەسەر ئەوان و بەشێکیشی لەسەر وەبەرھێنەری ئێمەیە.''
حوسێن حەمە کەریم گوتیشی: ''ئەمە دەبێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ پێگەیاندنی جووتیارانی ئێمە لە ھەرێمی کوردستان کە سوود لەو جۆرە پڕۆژانە و تەکنیکی تازەی ھۆڵەندا وەربگرن''.
بڵند ئیبراھیم




