٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەحمەد حاجى تاتکى: بارزانیى نەمر دەیفەرموو پێویستە هەموو کارێک بۆ بەرژەوەندى گەلى کورد بێت و نابێت هیچ کاتێک پلە و پایە بکەینە ئامانجمان

سەرچاوە: KDP.info

لە یادى 34ساڵەى کۆچى دوایى ڕابەرى کوردو کوردستان
پێشمەرگەى دێرین ئەحمەد حاجى تاتکى: بارزانیى نەمر دەیفەرموو پێویستە هەموو کارێک بۆ بەرژەوەندى گەلى کورد بێت و نابێت هیچ کاتێک پلە و پایە بکەینە ئامانجمان


سەفەر یوسف میرخان ژاژوکى
لە یادى34 ساڵەى کۆچى دوایى رابەرى کوردو کوردستان (بارزانیى نەمر)داو وەک نیشاندانى نمونەیەک لە تێکۆشەرانى پەروەردەى رێبازى ئەم رابەرە مەزنە دیمانەیەک لەگەڵ مام (ئەحمەد حاجى تاتکى) پێشمەرگەى  رۆژە سەختەکان ئەنجامبدەین، کە ژیان و خەباتى ئەم تێکۆشەرە ئاوێنەیەکە لە بەهاکانى پێشمەرگایەتى و نمونەیەکە لەو پەروەدە باڵانمایەى کە قوتابخانەى کوردایەتى بۆ کوردستان گۆشیکردووە.
پێشمەرگەى دێرین (ئەحمەد حاجى شێخۆمەر) لە ساڵى 1931 لە گوندى تاتکى سەربە دەڤەرى بارزان لە دایکبووە،  هەر لە تەمەنى یەک ساڵى لە گەڵ خانوادەکەى و بارزانییەکان ئاوارەى تورکیا بووە و گوندەى کە  لێى لە دایکبووە چەندەها جار لەبەر هەڵوێستى شۆڕشگێرانە خەڵکەکە لە لایەن دوژمنانەوە سوتێنراوەو خەڵکەکەى ئاوارەو دەردەبەر بوونە، هەر لەو گوندەدا چەندین رۆڵەى مێرخاس و تێکۆشەرى مەرد هەڵکەوتون و لە خەباتکردن لەسەر رێبازى پیرۆزى بارزانى نەمر رۆَڵى بەرچاویان گێڕاوە، کە باوکى مام (ئەحمەد حاجى) یەکێک لەو پێشمەرگە قارەمانانەى ناو بارزانییەکانەو هەروەها لە گەڵ باوکى بەشدارى بۆ پاڵپشتى لە کۆمارى کوردستان لە مەهابدى کردووەو مخابن لە مەهاباد باوکى  و  چەندین خزم و کەسى بەهۆى ئەو نەخۆشیەى، لە ئەنجامى ئەو سەختی لە کاتى چونیان بۆ پشتیوانى لە کۆمارى کوردستان لە مەهاباد دووچارى بارزانیەکان هاتبو کۆچى دواییان کردووە. مام (ئەحمەد حاجى) لە ناو سیمى دیانا لە گەڵ پیاوە بارزانییەکان بەند دەکرین و ماوەى 2 ساڵ لە لایەن رژێمى داگیروى ئەو کات لە موسل بەند دەکرێت و ژیان و ئاوارەیى سەخت دەکێشیت لەگەڵ دەستپێکى شۆڕشى مەزنى ئەیلوول چەکى شەرف و کوردایەتى هەڵدەگرێ و یەکێک بوو لەو پێشمەرگانەى کە لە بەراهییەکانى ئەو شۆرشە مەزنەدا لەگەڵ بارزانیى نەمر لە دەڤەرى بادینان برەویان بە گڕى شۆرش داوە. لە چەندین داستانى بە ناوبانگ بەشدارى کردووە وەکو نەبەردییەکانى: ( گەلى زاویتە، گەرووى، لۆمانا، سەرى کورە ،  بەرزا و بەنان، ناڵى کەربیشى  سەرە شیندەرى و لە داستانەکانى دەڤەرى باڵاکایەتى و هتد...)  هەروها لە ژیانى پێشمەرگایەتیدا بەسەختى بریندار بووە، چەندین پلەى بەرپرسیارەتى وەرگرتوووە، یەکێک لەوکەسانە بوویە هەردەم متمانەى بارزانیى نەمر و هەروەها لە دەڤەرى باڵاکایەتى خزمەتى بەرچاوى هەبوو و هەروەها یەکێک لەو کەسانە بوویە کە لە سنورى حاجى عومران بوو وخزمەتى کردووە و کەسێک بووە کە نوێنەرایەتى بارەگاى بارزانیى نەمر کردووە وبراى پێشمەرگەى شۆڕشگێڕى (محەمەدحاجى تاتکى) لە شۆڕشى ئەیلوول شەهید دەبێت، دواى نسکۆى شۆڕش ئاوارەى ئێران دەبێت ولە شۆڕشى گوڵان و لە راپەڕین رۆڵێکى مەردانەى هەبووە. ئەم پێشمەرگە ماندوونەناسە کەسێکى نزیکى شەهیدى سەرکردە ئیدریس بارزانى و هەروها سەرۆک مسعود بارزانى بووە.هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە بۆ خزمەتى کوردستان. لەبەر لێهاتویى و دانەبڕانى لە کاروانى خەبات لە ساڵى 1996 لەلایەن سەرۆک بارزانى خەڵاتى پێ بەخشراوە.  کە چووینە خزمەتى  لە واجبى کە بەرپرسى کۆمەڵایەتى شێروان بوو گەڕایەوە و سڵاوى رۆژنامەى خەباتم پێ راگەیاند بەڕێزیان ئامادەى خۆى دەربڕآ...
• لە سەرەتاى دیمانەکەماندا لە مام (ئەحمەد حاجى تاکى)مان پرسى، سەرەتا کەى و چۆن بوویت بە پێشمەرگە ؟
ئێمە ژیانى خۆمان بە جوتیارى و هەژارى دەرباز کردووە، هەرچەند خەڵکى گوندى ئێمە، تاتکى، کەم دەرامەت بووین،  ئەمە هەمووکاتێک بەشدارى کاروانى خەباتى نەتەوەکەمان کردووە..  لە ساڵى 1945 کە بارزانیى نەمر چووە مەهاباد منیش  بۆ بەرگرى لە کۆمارى کوردستان لە مەهاباد لە گەڵ باوکم چوومە مەهاباد هەرچەند تەمەنم لاوى بوو سوێندمان خوارد کە بەرگرى لە کوردستان بکەین و بەرگریمان کرد لە پاراستنى خاکى کوردستان و لەویشدا بارزانیى نەمر پلەى ژەنەراڵى وەردەگریت و بەکوردایەتى خزمەت دەکات و ئیمَەى لە شکرى بارزانییەکان هەردەم لە پاڵ بارزانیى نەمر بووین و هەرچەندە مێژوو بە خۆى شاهیدى ئەوە دەدات کە چەند نەبەردانە دەیان داستانى پڕسەروەریى مان تۆمار کردچونکە بەراستى بارزانیى نەمر لەویشدا ئامادەى گیانفیداى بوو و هەمیشە بە ئێمەى دەگوت ئێرە کوردستانە هیچ جیاوازى نییە لە هەر شوێنیک بێت دەبى هەتا ئاخرین فیشەک بەرگرى بکەین و نابى ورەى خۆتان لە دەست بدەن رۆژێک هەر دێت سەردەکەوین  و میللەتى کورد بە مافەکانى دەکات بۆیە بە هەموو ئیرادەیەک ئێمە خۆمان دا ئەم بەرگرییە...
• لە بارەى بەشداربوونى لە شۆڕشى مەزنى ئەیلوول کە مام (ئەحمەد حاجى تاتکى) چاوەکانى پڕ ببون لە فرمێسک گوتى:
ساڵى 1961 من یەکێک لەو پێشمەرگانە بووم کە لە گەڵ   بارزانیى نەمر بڕیاریم دا بۆ بەرخودان و بەرگریکردن لە خاکى پیرۆزى کوردستان منیش یەکێک لەو پێشمەرگانە بووم کە وەکو پێشمەرگەیەک  لە پێناو کوردستان  بە مان و نەمان  لە گەڵ بارزانیى نەمر و پێشمەرگەکانم بەشدارى کرد و ئەو شەڕانەى کە من ئاماژەم پێداوە هەر لە بادینان بەشداریمان کردووە و من لە گەڵ شەهید عیسا و شەریف عەبدوڵڵا بووم  و لە یەک لە شەڕەکان بە سەختى بریندار بووم بەڵام دیسان بەردەوام بووم و هەروەها دواى چوومە بارەگاى بارزانیى نەمر لە دەڤەرى باڵاکایەتى خزمەتم کرد و دوایى لە گەڵ  فەرماندەى قارەمان عارس بێدارونى  و غەزالى میرخان لە حاجى عومران بوومە خزمەت بە رێبازى بارزانیى نەمر دەکرد.
• لە بارەى رۆڵى رابەرى کوردستان بارزانیى نەمر لە شۆڕشى ئەیلوول دا مام (ئەحمەد حاجى تاتکى) گوتى:
شۆڕشى مەزنى ئەیلوول شۆڕشێک بوو لە پێناو مافەکانى کوردستان، لە پێناو ئازادى و سەربەخۆى، لە پێناو ئەوەى هیچ جارى تر دوژمنانى کوردستان ناعەدالەتى نەکەن بە کوردایەتى کە ئەو شۆڕشە بە رابەرایەتى بارزانیى نەمر بووە  لە زاخۆ تا خانەقین بە هەموو چین و توێژەکانەوە هاتنە ناو شۆڕش، رۆژانە خەڵک بە چ هەست و جۆشێک دەهاتنە ناو شۆڕش کە ئەمەش بۆ رابەرى کورد بارزانیى نەمر دەگەڕێتەوە کە چەند کورد پەروەر بوو و لە گەڵ پێشمەرگە لە  پێشەوەى شەڕ دەبوو و خەباتى دەکرد بۆ مافەکانى کوردستان بۆیە بارزانیى نەمر درێژەپێدەرى شۆڕشەکانى پێشتر بووە  کە هەرچى لە توانایى دا بوو بۆکردایەتى کرد و سەرکەوتنى مێژووى شۆڕشى مەزنى ئەیلوول چەندین دەسکەوتى بە دەست هێناوە و سەلماندى بە دوژمنانى کورد کە ناتوانن هیچ کاتێکى بەستێکى خاکى کوردستان داگیر بکەن.

•  یادەورییەکانى مام (ئەحمەد حاجى تاتکى) پڕ لە کوردایەتى بوو کە هەیبوو لە بارەى سیفاتەکانى بارزانى نەمر لە ناو شۆرشدا گوتى:
بارزانیى نەمر رابەریک بوو کە هەموو تەمەنى خۆى لە پێناو کوردایەتى تەرخان کردە بوو،  هەموو جاران لە گەڵ پێشمەرگە بوو و ژیانى وەک پێشمەرگە بوو و حەزى لە پلە و پایە نەبوو، بارزانیى نەمر هەمیشە لە گەڵ پێشمەرگە لە چیا و شاخەکان و دوڵ ژیاو و شەو رۆژ لە سەرتاشەد و بەردو نێودار بۆ ئاواتەکانى کوردستان  بەسەر برد واتە بارزانیى نەمر کەسێک بوو بیرو باوەرى بە دوا رۆژى کوردستان هەبوو ، بارزانیى نەمر دەیفەرموو: هەردەم دەبى خۆتان ئامادەى شەڕ بکەن دوژمن هەر هەنگاوەیەک بەهاویژیت دەبى کوردستان بپارێزین باش لە یادمە رۆژانى شاخ و کوردایەتى کە پێکهەوە نانمان دەخوارد بارزانیى نەمر نانى نەدەخوارد هەتاکو پێشمەرگەکان دەیانخوارد ئەوجا دەیخوارد وهیچ جیاوازى لە نێوان خۆى و پێشمەرگەى نەدەکرد وهەمیشە بارزانیى نەمر لە ناو کادیرەکانى پارتى و پێشمەرگەکان و بەرپرسەکان دەیفەرموو: پێویستە هەموو کارێک بکەین کە بۆ بەرژەوەندى گەلى کورد بێت و ئەگەر بە دڵێشتان نەبێت دەبى واز لە ئارەزووو و تایبەتەکان بینن و هەروەها نابێت هیچ کاتێک پلە و پایە بکەینە ئامانجمان، بەڵکو ئامانجى سەرەکیمان خزمەت بە گەل بێت و ئەوکات بۆ گەل دەردەکەویت کە خزمەت بە کوردستان دەکەین بۆیە بارزانیى نەمر ئەو بەرپرسە و پێشمەرگە کە خزمەتى میللەتیان دەکرد جێگاى رێز بوون لاى، بارزانیى نەمر هەمیشە  رێزى لە مرۆڤ گرتووە و هەست و کەرامەتى پاراستوە  و هەروەها دەیگوت پێویستە بچوک رێز لە گەورە بکرێت و گەورەش بە میهربانى  و هەستێکى خۆش  مامەلە لە گەڵ بچووک بکات  و هەروەها بارزانیى نەمر  دەیگوت نابێـت کەرامەتى کەسێک بریندار بکەین  و پێویستە هەموومان رێز لە شۆڕش بکرین  یەکەمیان بە خۆم دواتر هەموو بەرپرسەکان تا دەگاتە پێشمەرگەیەکى سادە و نابى لە بیربکەین ئەگەرئێمە هەستى لاوێک یان شوانێک یان جۆتیاریک  یان کاسبکارێک  یان  ئافرەتێک یان منداڵێک هەریەک بە تاک وشەیەکیش بریندار بکەین ئەو کات دەبێنە دوژمنى خۆمان و گەلەکەمان بۆیە دەبى دڵى گەلمان لە گەڵ بێت دوژمن ناتوانى  بە سەرمان زال بێت بۆیە دەبى هەردەم پارێزگارى لە خاک وشەرەف و کەرامەتى میللەت بکەین تاکو شۆڕش سەرکەوتێت... بارزانیى نەمر هەمیشە لە گەڵ پێشمەرگە گەورەترین سەرکەوتى بەدەست دەهێنا  شارەزایەکى تەواوى هەبوو لە هەموو بوارەکان  گەورەترین پلانى تاکتێکى بۆدوژمن دادەنا گەورەترین زەربەى لە دوژمن دەدا هەمیشە  بارزانیى نەمر دەیفەرموو من تەنها یەک ئامانجم هەیە ئەویش داخوازى وویستى میللەتەکەم  بکەمە ئاوات دەبى ئێمە هەموومان  دەبى بەو چەکانە و لولەى تفەنگ  ئازاد کردنى  ئەو کوردانە  کە لە ژێر دەستى بێگانەن من دەمەوێت ئاڵاى کوردستان هەڵبکەم و کوردستان ئازاد بێت و دەبى میللەتى کوردستان هەربگاتە مافى خۆیان چ ئەو یان سبەى یان ئەمساڵ یان ساڵێک چونکە شۆڕشى ئێمە لە سەر باوەرى و حەق بوو و دەبێ دوژمنان دان هەق بێنن.. بارزانیى نەمر هەموو کاتێک  وەکو پێشمەرگەیەکى قارەمان خەباتى کردووەو بارزانیى نەمر مرۆڤ دۆست و عەدالەت خواز بوو، بارزانیى نەمر کەسێکى چاونەترس بوو ورەى پێشمەرگەکانى بەرز دەکردەوە و پێشمەرگەکان وابیریان دەکرتەوە کە رابەریان خاوەن بیروباوەڕێکى بە هێزە بۆیە پێشمەرگە خۆى کەمتر دانەدەنا بەرامبەر هێزى دوژمن چونکە رابەریان بارزانیى نەمر لە گەڵیان لە پێشەوە شەڕدابوو بۆیە ئێمە ئامادەى گیانفیداى بووین. هەموو کاتێک رەخت و تفەنگى لە شان بوو، خۆى بە خزمەتکارى میللەتەکەى دەزانى  و هەمیشە ئامۆژگارییەکان و فەرمانەکانى بارزانیى نەمر لە سەر راستگۆیى و عەدالەت و بەرخودان و ئازادکردنى خاکى کوردستان لە دەستى ناحەزانى کورد بووە
• لە یادى کۆچى دوایى رابەرى کوردستان (بارزانیى نەمر)دا مام (ئەحمەد حاجى تاتکى) گوتى:
من هەر لە بەرگرى کردن لە کۆمارى کوردستان تا  مردن خۆم هەر بە پێشمەرگەى بارزانیى نەمر زانیوەو دەزانم و لەم یادەدا دەتوانم ئەوە بڵێم، کە بارزانیى نەمر رابەرى کوردستانە و لە ناو دڵى هەرتاکە کورد بە زیندووى دەمێنتەوە رابەریک کە بە ئازادیخواز ناسرواوە و رەمزیک بۆ هەموو کوردایەتى بووە، لە دواى کوچى کوڕەکانى شەهید ئیدریس بارزانى و سەرۆک مسعود بارزانى ئەوانیش درێژە پێدەرى رێبازى باوکى خۆیان بوون و بەردەوام خەباتیان کرد و سەرکردایەتى شۆڕشى گوڵانیان کرد و ئیرادەى خۆیان لە دەست نەدا و هەمان بیروئامانجەکانى باوکیان خزمەت بە خاکى کوردستان کرد.  بۆیە لەم یادەدا دەڵێم نابێ خەباتى پێشمەرگەکانى شۆڕشەکانى بارزان و بەرگرى لە کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان و راپەڕین لە یاد بکەین، نابێ خوێنى هەزاران هەزار شەهیدى کوردستان لە یاد بچێـت،  ئەوەى ئەمڕۆ ئێمە هەمانە لە سایەى ئەوانە کە سەرۆک مسعود بارزانى ئەویش هەر لەسەر رێبازى بارزانى نەمر خەبات دەکات و پێویستە ئەم یادە زیاتر هاندەر بێت بۆ ئەوەى خەڵکى کوردستان هاوکارو پاڵپشتى سیاسەت و هەڵوێستەکانى سەرۆکى خۆشەویستیان سەرۆک بارزانى بن بۆ یەکخستنى ناو ماڵى کوردو پێشخستنى کیانە فیدراڵیەکەمان و هەنگاونان بەرەو دەسکەوتى زیاتر.  سوپاس بۆ ئێوەى بەرێز و رۆژنامەى خەباتان دەکەم کە ئێمە بە سەر دەکەنەوە و لەم یادەدا سڵاو درود بۆ هەموو شەهیدەکانى کوردستان و سەر قافلەیان بارزانیى نەمر و کاک ئیدریس دەنێرم ، هەر بژى کورد،  هەر بژى بارزانى.
تیبینى: ئەم بابەتە لە ژمارەى(4268) رۆژنامەى خەبات لە (27-2-2013) بڵاوبوویتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار