٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕووداوی غوێران و کوشتنی ئەبوئیبراهیم قوڕەیشی

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info-  دوای ڕووداوەکانی بەندیخانەی حەسەکە و کوشتنی ئەبوئیبراهیم قوڕەیشی، جارێکی تر باسی تیرۆر و داعش لە ناوچەکە سەری هەڵدایەوە و ڕەوشەکە ئاڵۆز بوو، حکوومەتی عێراقیش چەندین هێزی گەیاندە سەر سنووری سووریا و عێراق بۆ ئەوەی دۆخەکە وەک ساڵێ ٢٠١٤ تێک نەچێت و داعشەکان لە سووریاوە نەپەڕنەوە نێو خاکی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کتوپر خۆی گەیاندە سەر سنوور بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی سەر سنوور.

مانەوەی داعش!

ئێستا سەرکردە سیاسییەکانی کورد و عێراق و جیهانیش باسی ترس و گەڕانەوەی داعش دەکەن و داعشیشی ناوبەناو هێرش دەکاتە سەر ناوچەکان، لەو بارەیەوەشەوە فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەڵێت: ئەگەر چاوێکی خێرا بە ڕابردووی ڕێکخراوی تیروریستیی (داعش)دا بخشێنین، گوڕانکاریی گەورە لە گۆڕەپانی کار و چالاکییەکانیدا دەبینین و هەر لە دامەزراندنییەوە (۲٠۱۳/٤/۲۸) بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، لە ماوەی ساڵێک و سێ مانگدا پانتایەکی زۆری جوگرافیی لە عێراق و سووریا داگیر کرد و، توانیی لقەکانی لە زۆر شوێنی تر بکاتەوە، وەک باکووری ئەفریقا و میسر و ئەفغانستان و جەزائێر و هتد و، نواندنی چالاکیی تیرۆریستی لە چەندین وڵاتی ڕۆژئاوای ئەورووپا و ڕاگەیاندنی (خەلافەتی ئیسلامی) لە (۲٠۱٤/٦/۲۹) هەموو ئەوانە گەواهیدەرن کە ئەو ڕێکخراوەیە توانای گوڕانکاریی خێرای هەیە و ئەگەر لە ڕووی هزرییەوە کاری لەسەر نەکرێت، هەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی ئەستەمە.

 

‎دوای ئەو پەرەسندنە خێرایەی داعش و هاتنە سەر هێڵی بەرەنگاربوونەوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە، چونکە ئەرکی ڕووبەڕووبوونەوە بو سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە سنوور بەدەر بوو، لە هەمان کاتدا چونیەتیی شەڕەکەش بۆ گشت هێزی سەربازیی نوێ پێشبینینەکراو بوو. بویە ئەو دەڤەرانەی لە عێراق و سووریا لەلایەن داعشەوە داگیر کران بە پاڵپشتیی هاوپەیمانان قوناغ بە قوناغ لە لایەن هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە لێرە و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سووریا ئازاد کرانەوە و بێ پسانەوە و ڕاوەستان تاکوو دوا پێگەیان لە باغوز.

هۆکارەکانی ‌‌هەڕەشەکان

‎بەپێی لێدوانی لیوا بەهجەت تەیمەز سێلکی، بەرپڕسی هەواڵگریی فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: دوای ئەوەی داعش لە ڕووی مەیدانییەوە سەرتاپای جوگرافیای خەلافەتەکەی لەدەست دا و بەگشتی چەکدارەکانی کوژران و بەدیل گیران و بەشێکی کەمیان بە پەرتەوازەیی خویان حەشار دا لە عێراق و سووریا، گرفتە ناوخوییەکان باڵیان بەسەر کێشەکاندا کێشا و کارکردن لەسەر قەڵاچۆکردنی داعش لە ڕووی هزرییەوە فەرامۆش کرا و لە هەمان کاتدا ئامادەنەبوونی وڵاتان بو وەرگرتنەوەی چەکدارەکانیان کە لە ڕێزی داعشدا بوون و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان لە کات و ساتی پێویست و ئاوەداننەکردنەوە و نەگێڕانەوەی دەستی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە وێرانبووەکانی شەڕ و هەمووی ئەوانە دەرفەتی بۆ داعش ڕەخساند، دووبارە خوی ڕێک بخاتەوە و بە شێوەیەکی مەیدانی کار و چالاکییەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو جێبەجێ بکات.

یەکەم: هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا کە نزیکەی ٦٠٠ کم سنووریان هەیە و هەردوو وڵاتیش بە پێگەی سەرەکیی داعش ناسراون، دوای لەناوبردنی دواین پێگەی داعش نەتوانرا ئەو سنوورەی نێوانیان کونترۆڵ بکرێت کە زۆر ستراتیژییە و هەڵدەکشێت لە دەڤەری شنگال بەرەو ناوچەی حەزەر و بعاج و زنجیرەچیای بادوش و دەشتی مووسڵ بەرەو چیای قەرەچووخ و حەمرین و تکریت و دیالە و دەڤەری شنگال کە زور ستراتیژە بو هاتوچۆی داعش، سەرەڕای هەبوونی هێزێکی زور، بەڵام نەتوانراوە ببێتە بەربەست بۆیان کە مانای زور هەڵدەگرێت.

‎دووەم: گرفتە ناوخوییەکانی دوای (۲٠۱۷/۱٠/۱٦) و لێکترازانی هاوکاری و هەماهەنگیی سوپاو  دروستبوونی بۆشاییی ئەمنی لە نێوان هێڵی هەردوولا کە لە هەندێ شوێن ۱٥ کم دەبێت و ئەو بۆشاییە هەر لە سنووری سووریاوە تاکوو دەگاتە پارێزگای سەڵاحەددین و دیالە دەگرێتەوە.

سێیەم: دوای ئازادکردنی ناوچەکان دەستی ئاوەدانکردنەوە و گێڕانەوەی خزمەتگوزاری فەراموشیی تێ کەوت و ئەو دەڤەرانە بە چۆلی مانەوە و دەرفەت ڕەخسا چەکدارانی داعش لە چاو دوور بن.

‎چوارەم: زاڵبوونی گیانی تائیفەگەری بەسەر یاسادا و لە هەندێ شوێن چەکدارانی حەشد بێ گەڕانەوە بو یاسا هەڵسوکەوتیان کرد و وێرانیی زیاتریان بە دوای خویاندا هێنا.

‎پێنجەم: خەمساردیی وڵاتان لە وەرگرتنەوەی چەکدارەکانیان، ئەوانەی لە ڕیزی داعشدا بوون و گلدانەوەیان لە بەندیخانە وەک قوتابخانەیەکی پەروەردەیی لێ هاتووە، بو نموونە لە کەمپی هۆل، بەندیخانەی غوێران، بەندیخانەی شەدادیە و هتد. ئەوانە هۆکاری ستراتیژین و چەندین هۆکاری تریش هەن دەرفەتی دووبارە خۆڕێکخستنەوەیان بە داعش دا کە لە مەفارزی بچووکەوە بتوانن وەکوو هێزی بەکۆمەڵ چالاکی بکەن، وەک هێرشەکەی سەر بەندیخانەی ''غوێران'' لە شاری حەسەکە، کە هێرشبەرەکان بە زیاتر لە  ۱٠٠ چەکدار دەخەمڵێندران و توانییان چەند شوێنێکی ستراتیژی لە بەندیخانە کۆنترۆڵ بکەن و بەر لە هەموویان کۆگای چەک و تەقەمەنیی بەندیخانەکە، کە لەو شەڕەدا سوودی زۆریان لێ بینی و ئەمەش خوی لە خویدا وا دەردەخات کە زانیارییەکان لە بەندکراوەکانەوە دەگات بە چەکدارەکان لە دەرەوە و توانای نەخشەسازییشیان هەیە، لەو هێرشەدا بە سەدان چەکداری داعش دەرفەتیان بو ڕەخسا لە چاوی هێزەکان ون بن .

‎گەڕانەوەی داعش و سیناریۆییەکان

ئایا پێویستە جیهان چۆن ڕووبەڕووی ئەم لڤ و تەڤگارانەی داعش ببێتەوە، لەو بارەیەوە، سێلکی گوتی: ''ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مشوورێکی خێرا و بنبڕ لە ڕووی مەیدانی و هزرییەوە لەو ڕێکخراوەیە نەخوات، ناتوانرێت ئارامی و ئاسودەیی دەستەبەر بکرێت و جیهان بەگشتی و بەتایبەتییش ناوچە گەرمەکە (عێراق و سووریا) بە شڵەژاوی دەمێنێتەوە و ئافاتی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوە، ئەوەمان بو دەردەخات کە مەترسییەکانی داعش بەردەوامن.

دوای ڕووداوەکانی بەندیخانەی غوێران و دواتر کوشتنی ئەبوئیبراهیم قوڕەیشی، شارەزایانی سیاسی و سەربازی لێکدانەوەی جیاوازیان هەبوو، لەو بارەیەوە، عەبدولباست سەیدا، پسپۆڕ لە سیاسیەتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، ئەمەی بە پلانێکی ستراتیژی لەقەڵەم دا و گوتی: ''ڕژێمی سووریا ئێستا هەموو شتێک بۆ مانەوەی خۆی دەکات و بە ستراتیژییەکی نوێوە هاتووەتە مەیدان و دەیەوێت لەڕێگەی شەڕێکی نێوخۆییەوە خەڵک سەرقاڵ بکات، ئەویش بە ئازادکردنی ئەو زێندانییانەی کە تۆمەتی گەورەیان هەیە و بەتایبەت ئەوانەی لەگەڵ گرووپە توندڕەوەکانن و هەموویان ئازاد کراون.''

سەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێستاش ئەو گرووپانە بوونەتە هەڕەشە و ڕژێمی سووریا خۆی ئەوەی کرد، کەچی نەیتوانی لە ڕۆژئاوا ئەو گرووپە ڕادیکاڵانە بەکار بهێنیت، بەڵام توانی لە ڕیگایی پەیەدەوە لە ڕۆژئاوا هەموو ئەجێنداکانی جێبەجێ بکات و پەکەکە توانیی وەک وەزیفەیەک بەکاری بهێنێت و ناوچەکانی حەسەکە و ڕەققە و دیرەزۆر بە هەسەدە بسپێریت بۆ ئەوەی لەدژی گرووپە توندڕەوەکان شەڕ بکەن و ئەمەریکاش توانیی هاوکاری بکات و ئەوەی لەم هاوکێشەیەدا قازانجی بینی، تەنیا پەکەکە بوو، ئەویش لە ڕووی داراییەوە و بە گڵۆپی سەوزی ئەمەریکا پەکەکە توانیی هەندێک لە پەیوەندییەکان بەهێز بکات، بەڵام ئاگای لە دۆخی سیاسی نەما و دەستی بە سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی خەڵک کرد، ئەمەش دوای سێ ساڵ هێشتا داعشەکان لە کەمپەکانی هۆل و بەندیخانەی حەسەکەدا ماون.''

دەشڵێت: ''پەکەکە ڕووداوەکانی بەندیخانەی حەسەکە و پرسی تیرۆر و هەموو ئەمانە بۆ بەرژوەندیی خۆی و بەهێزکردنی خۆی و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە بەکار دەهێنێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕازی لە دژی پەکەکە و خراپیی ژیان و گوزەرانی خەڵک، کە پەکەکە ئەمەش وەک کارتێک بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی بڵێت، ئێمە لەدژی تیرۆر شەڕ دەکەین.''

 

کــاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار