بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی: پڕۆسەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە

هەولێر -KDP.info- پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لە قۆناغی دووەمدا پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پاکسازی دەکرێت لە فۆرمی خۆراک.
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردن و لە پارێزگای نەجەف وەک تێست دەست بە دروستکردنی فۆرمی ئەلیکترۆنی کراوە، ئەگەر پڕۆسەکە ئاستەنگی تێدا نەبوو، ئەوە لە قۆناغی دووەمدا لە ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش لەپێناو ڕێکخستنەوەی فۆرمی خۆراکە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە.''
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتیشی: "فۆرمی ئەلیکترۆنی چەندین زانیاریی ئەو کەسەی تێدایە کە سوودمەندە لە وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە، بەڵام فۆرمی پێشوو ھەر دەمێنێتەوە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی فەرمانگەکانی حکوومەت.''
نەوزاد شێخ کامل ڕوونیشی کردەوە: "جیاوازیی فۆرمی ئەلیکترۆنی لەگەڵ فۆرمی ئێستا ئەوەیە کە ھەموو ئەو کەسانەی لەنێو فۆرمی خۆراکدا ناویان ھەیە، دەبێت بچنە بەردەم ئامێری دروستکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی و ئەوانەی مردوون، یان ناوی وەھمین لە کاتی پڕۆسەکەدا لا دەبرێن و لەو ڕێگەیەوە پاکسازی دەکرێت لە لیستی سوودمەندبووانی خۆراکی مانگانە.''
قائید میرۆ




