٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیەکی زیاتری بەڵێندەران دەکەونەوە کار

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەران گوتی، جارێکی دیکە کۆمپانیاکانی بەڵێندەران دەکەونەوە کار، بەھۆی ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پرۆژەیان پێ دەدات و بەردەوامیش ڕێژەکە لە زیادبووندایە .

بەشار عەلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەھۆی قەیرانی دارایییەوە کۆمپانیاکانی بەڵێندەران لە کار وەستابوون، بەڵام بەھۆی ئەوەی حکوومەت پڕۆژەیان پێ دەدات، جارێکی دیکە دەکەونەوە کار و مۆڵەتەکانیان نوێ دەکەنەوە و تا ئێستا ٢٠٠ کۆمپانیا دەستیان بەکار کردووەتەوە و ئەوانەی دیکەش پێویستە مامەڵەکانیان نوێ بکەنەوە بەھۆی بەسەرچوونییەوە، بۆیە چەند کار زیاتر دەبێت، ژمارەی کۆمپانیاکانیش زیاد دەبێت.''

عەلی باسی لەوەش کرد: ''ئێستاش بەردەوام کۆمپانیای نوێ دێن و دەستبەکار دەبنەوە، بەڵام لە وەزارەتی پلاندانان ڕێنمایی نوێ دەرچووە، ئەو کۆمپانیایە دەست بە کار دەکاتەوە، بۆیە ھیوادارین زیاتر ئاسانکاری بکرێت، بۆ ئەوەی کۆمپانیای زیاتر دەست بە کار بکەنەوە، بۆیە ھەر کۆمپانیایەک کارێکی دەست کەوێت مۆڵەتی خۆی نوێ دەکاتەوە و پڕۆژەکانیش بێ جیاوازی و بە شێوەیەکی شەفاف بەسەر بەڵێندەراندا دابەش دەکرێن کە لیژنەیەک سەرپەرشتیی ئەو کارە دەکات و منیش یەکێکم وەکوو ئەندامی لیژنەکە.''

گوتیشی، بۆ ئەمساڵیش حکوومەت بڕیارە کۆمەڵێک پڕۆژە جێبەجێ بکات و بدرێتە بەڵێندەران، ئەوەش وا دەکات بەڵێندەران زیاتر کار بکەن.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار