٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ڤیان دەخیل: رێز لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەگرین

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، پارتی ڕێز لە بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی دەگرێت و دەشڵێت، دوای پێشنیارەکەی سەرۆک بارزانی ھەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ھەندێ ھێزی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێکھێنانی حکوومەتدا بەشداری بکەن.

د. ڤیان دەخیل، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک پارتی ڕێز لە بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی دەگرین بۆ دانیشتنی دیاریکردنی سەرۆککۆماری عێراق کە دەڵێت کۆبوونەوەی دیاریکردنی سەرۆککۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ھەیە، ھەر بڕیارێکیش دەربچێت ڕێزی دەگرین.''

گوتەبێژی فڕاکسیۆنی پارتی دەڵێت: "ئێمە دەتوانین کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە ببەین و ئامادەکردنی ٢٢٠ ئەندامی پەرلەمان، دەمێنێتەوە دانوستانەکانی ئێمە لەو دوو سێ ڕۆژەی داھاتوو لەگەل کوتلەکانی دیکەی پەرلەمان.''

د. ڤیان دەخیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پێشنیاری سەرۆک بارزانی لەکاتی خۆیدا بوو، تا چارەسەرێک بۆ نێوماڵی شیعە بدۆزرێتەوە و، پێشبینی دەکەین لە دوو سێ ڕۆژی داھاتوودا ھەندێک گۆڕانکاری ڕوو بدات و ھەندێک لایەنی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعی لە پڕۆسەی سیاسیدا بەشدار ببن، ئەوانیش درک بەوە دەکەن کە ھیچ بۆشایییەکی دەستووری دروست نەبێت، ئەگەر دانوستانەکانی نێوان سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی سەر بگرێت ئەوە ھیچ کێشەیەک لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەماندا نامێنێت.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار