63 پرۆژه له پارێزگاى سلێمانى جێبه‌جێ ده‌کرێت

ڕەمه‌زان نامق، سه‌رۆکى لیژنه‌ى پلان و پرۆژه‌کان له ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "وه‌زاره‌تى پلاندانانى حکوومه‌تى هه‌رێم له ئاماده‌کردنى پلانى ساڵى ۲۰۲۲ بۆ پڕۆژه‌کانى په‌ره‌پێدانى پارێزگاکاندا نزیکه‌ى ۸۰ ملیار دینارى بۆ پارێزگاى سلێمانى دیاری کردووه و له‌و بودجه‌یه بڕى ٦۰ ملیار دینارى دانراوه بۆ پڕۆژه ته‌واونه‌کراوه‌کانى ساڵانى ڕابردوو که به‌هۆى قه‌یرانى دارایییه‌وه تەواو نەکراون و بڕى ۲۰ ملیاره‌که‌ى تر‌ى دانراوه بۆ پڕۆژه‌ى نوێ، به‌ڵام به مه‌رجێک پڕۆژه تازه‌کان ئه‌و پڕۆژانه بن که ساڵى ڕابردوو (۲۰۲۱) له ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى په‌سه‌ند کراون ".
گوتیشى: "بۆیه وه‌ک لیژنه‌ى په‌یوه‌ندیدار له ماوه‌ى دوو ڕۆژى ڕابردوودا توانیمان به‌پێى ڕێژه‌ى دانیشتووان پشکى قه‌زا و یه‌که کارگێڕییه‌کان دابنێین و به‌م شێوه‌یه بۆ قه‌زاى ناوه‌ندى سلێمانى بڕى دوانزه ملیار و نۆ سه‌د ملیۆن دینار و، بۆ قه‌ره‌داغ بڕى دوو سه‌د و شه‌ست و چوار ملیۆن و حه‌وت سه‌د و بیست هه‌زار دینار و، بۆ شاره‌زوور بڕى نۆ سه‌د و یانزه ملیۆن و هه‌شت سه‌د و حه‌ڤده هه‌زار دینار و، بۆ سه‌یدسادق بڕى یه‌ک ملیار و سه‌د و حه‌ڤده ملیۆن دینار و، بۆ پێنجوێن بڕى پێنج سه‌د و هه‌شتا و هه‌شت ملیۆن و دوو سه‌د و شه‌ست و نۆ هه‌زار دینار و، بۆ شارباژێر بڕى دوو سه‌د و حه‌فتا و سێ ملیۆن و پێنج سه‌د و چل و پێنج هه‌زار دینار و، بۆ ماوه‌ت بڕى سه‌د و حه‌ڤده ملیۆن و شه‌ش سه‌د و په‌نجا و سێ هه‌زار دینار و، بۆ دووکان بڕى نۆ سه‌د و چل و یه‌ک ملیۆن و دوو سه‌د و چل و یه‌ک هه‌زار دینار و، بۆ ده‌ربه‌ندیخان بڕى حه‌وت سه‌د و سى و پێنج ملیۆن و سێ سه‌د و سى و شه‌ش هه‌زار دینار و، بۆ چه‌مچه‌ماڵ بڕى دوو ملیار و سه‌د و چل و حه‌وت ملیۆن دینار دیاری کراوە.''
سه‌رۆکى لیژنه‌ى پلان و پرۆژه‌کان له ئەنجومەنی پارێزگاى سلێمانى ڕوونیشى کرده‌وه: ''جگه له‌و ڕێژه‌یه‌ى که بۆ پارێزگاى سلێمانى دیاری کرابوو، هه‌ریه‌ک لە ئیداره‌ى ڕاپه‌ڕین نزیکه‌ى ٢٠ ملیار و ئیداره‌ى گه‌رمیان نزیکه‌ى ۱٥ ملیار دیناریان بۆ دیاری کراوه".
ئه‌وه‌یشى خسته ڕوو: "ته‌رخانکردنى بڕه پاره‌ى خه‌مڵێنراوى پرۆژه‌کان به شێوه‌ى قۆناغ به قۆناغ و به‌پێى تواناییى دارایى حکوومه‌ت ده‌بێت".
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د




