سه‌عید سه‌لیم: له کابینه‌ى نۆیه‌م چه‌ندین پرۆژه‌ى ستراتیجى جێبەجێ کراون

سلێمانی- KDP.info- له چاوپێکه‌وتنێکى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستان، سه‌عید سه‌لیم، به‌رپرسى لقى 4ی پارتى دیموکراتی کوردستان له سلێمانى له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێکى گرنگ ده‌رباره‌ى دۆخى پارتى له سلێمانى و په‌یوه‌ندیى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کان و ته‌واوى ئه‌و پرۆژانه قسە ده‌کات که له کابینه‌ى نۆدا له شارى سلێمانى جێبەجێ کراون.
ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا به شێوه‌یه‌کى گشتى باس له دۆخى پارتى له سلێمانى بکه‌یت، هه‌میشه گوتراوه پارتى و سلێمانى دووانه‌یه‌کى جیانه‌کراوەن، ئه‌م ڕوئیایه له کوێوه دێت؟
لە نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و سلێمانیدا په‌یوه‌ندییه‌کى قووڵى مێژوویى هه‌یه که ڕه‌گه‌کانى به‌یه‌کدا چوون، وێستگه جیا جیاکانى مێژووى پارتى له سلێمانى و وێستگه جیا جیاکانى مێژووى سلێمانى به‌رامبه‌ر به پارتى لێوانلێوه له قوربانى و له ئاوێته‌بوونێکى جوان و لە ته‌واوکه‌رییه‌کى باش، به‌شێک له سه‌رکه‌وتنه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانى شۆڕشى کوردستان له قۆناغى ڕابردوودا، له‌وانه شۆڕشەکانی ئه‌یلوول و گوڵان که توانیویانه سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن له قاره‌مانیه‌تى و نه‌به‌ردیى خه‌ڵکى خۆشه‌ویستى سلێمانى بووه، ئه‌وان پشکى شێریان له‌م سه‌روه‌رییانه به‌ر ده‌که‌وێت، بۆیه ئه‌و مێژووه له‌گه‌ڵ ده‌ستکه‌وت و په‌رۆشییه‌کانى پارتى بۆ ئه‌م شاره و خه‌مه‌کانى پارتى بۆ نه‌ته‌وه و نیشتمان بوون به یه‌ک پاکێج و مێژووی دوێنی و ئه‌مڕۆ ده‌مانبه‌ستێته‌وه به ئاینده‌یه‌کى پرشنگداری پارتییەوە لە سلێمانى".
په‌یوه‌ندیى نێوان پارتى و لایه‌نه‌کان لە چ ئاستێکدایه، گه‌شبینن به ئاینده‌ى ئه‌م پەیوە‌ندییانه؟
بێگومان په‌یوه‌ندیى ئێمه وه‌ک پارتى له سلێمانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان، په‌یوه‌ندیى به په‌یوه‌ندییه‌کانى ئێمه‌وه هه‌یه به‌گشتى له مه‌رکه‌ز، به‌داخه‌وه بۆ ئه‌و کاتانه‌ى که په‌یوه‌ندییه‌کان ساردوسڕن و وه‌ک پێوست نین، خۆشبه‌ختانه‌ش بۆ ئه‌و کاتانه‌ى که په‌یوه‌ندییه‌کان گه‌رموگوڕن و خاڵى بیرکردنه‌وه‌ى باشمان هه‌یه بۆ بیرکردنه‌وه و کارى پێکه‌وه‌یى، به شێوه‌یه‌کى گشتى په‌یوه‌ندییه‌کان باشن، به‌ڵام له ئاست تمووحى ئێمه نییه، ئه‌مه‌ش بێگومان پەیوەندیى به‌و گۆڕانکارییانه‌وه هه‌یه که له دۆخى ناوچه‌که‌دا ڕوو ده‌دەن.
پارتى وه‌ک حزبى حوکمڕان و بڕیاربه‌ده‌ست هیچ جیاوازییه‌کى کردووه له خزمه‌تکردنى شار و ناوچه‌کان و جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌کان؟ به‌رنامه‌که چۆن ده‌بینن له‌م کابینه‌یەدا؟
کابینه‌ى نۆیه‌مى حکوومه‌تى هه‌رێم کابینه‌ى ته‌واوى خه‌ڵکى هه‌رێمه به ته‌واوى به‌ش و ناوچه جیاوازه‌کانه‌وه، ستراتیج و به‌رنامه‌ى کابینه‌که خزمه‌تى زیاتره له‌پێناو کوردستانێکى به‌هێز، بێگومان ئه‌مه به‌ڕوونى ده‌بینرێت، هه‌رچه‌نده به‌داخه‌وه خه‌ڵکانێک هه‌ندێک جار ویستوویانه به قسه‌ى هه‌ڵبه‌ستراو بڵێن گوایه جیاوازی کراوه له پێدانى پرۆژه‌کان که به‌دڵنیاییەوە ئه‌مه وا نییه و کاره‌کانى حکوومه‌ت باشترین شاهێدن له‌و ڕووەوە و هه‌وڵ و کارى به‌رده‌وامى به‌ڕێز سه‌رۆکى حکوومه‌ت و ده‌ستکراوه‌یی بۆ خزمه‌تکردنى شاره‌کان ئه‌مه‌ى پووچه‌ڵ کردووەته‌وه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئێمه بیرمان نه‌چێت له سه‌روبه‌ندى قه‌یرانى دارایى و بڵاوبونه‌وه‌ى کۆرۆنا و دابه‌زینى نرخى نه‌وتدا حکوومه‌ت به‌رده‌وام بووە له جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌کان که ئێستا خۆشبه‌ختانه به‌شێک له‌م پرۆژانه له قۆناغی کۆتاییدان و کارکردن لە به‌شێکى دیکه‌یاندا به‌رده‌وامه، ئه‌مه‌ى کراوه سه‌رتایه و بێگومان ستراتیج و به‌رنامه‌ى کابینه‌که بۆ داهاتووش به‌رده‌وام ده‌بێت و خه‌مى خه‌ڵکى کردووه به کاری خۆى".
گرنگترینی ئه‌و پرۆژانه‌ى که حکوومه‌ت له‌م کابینیه جێه‌جێی کردوون، کامانه‌ن؟
ئه‌وه‌ى تایبه‌ته به شارى سلێمانى توانراوه چه‌ندین پرۆژه‌ى ستراتیجى جێبەجێ بکرێت، له‌وانه پرۆژه‌ى به‌بازاڕکردنى گه‌نمى جووتیاران که یه‌کێکه له پرۆژه نه‌وعییه‌کان بۆ خزمه‌تکردنى جووتیارانى سنووره‌که، پرۆژه‌ى شه‌قامى ١٠٠ مه‌تریى سلێمانى، پردى ده‌ربه‌ندى ڕانییه، دووسایدکردنى به‌شێک له پرۆژه سه‌ره‌کییه‌کانى سنووره‌که، پرۆژه‌ى ئاوى سلێمانى و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌که، کێشه و گرفتى تۆڕى ئاو له قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ، به‌م دواییانه‌ش پرۆژه‌ى پردى تووه‌قوت یه‌کێکی تر له پرۆژه‌کانى کابینه‌ى نۆیه‌م بوو، بۆیه حکوومه‌تى هه‌رێم سه‌ره‌ڕاى قه‌یران و ئاسته‌نگه‌کانى به‌رده‌مى توانیویه‌تى زۆرترین خزمه‌ت بکات و سیماى ئه‌م خزمه‌تە به ته‌واوى پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆکانه‌وه دیاره، بۆیه گرنگه به هه‌موومان پاڵپشت و پشتگیرى بین".
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د




