پەروێز ڕەحیم: ئەڵمانیا هەستیارە لەهەمبەر هەر ناسەقامگیرییەک لە ناوچەکەدا

ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاری دا، ھێزە سەربازییەکانیان، لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بمێننەوە، دکتۆرایەک لە ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت، مانەوەیان، ئامادەکارییە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی ئاسایشی و تەنانەت لەوانەیە بۆ ئەو مەبەستە بێت کە هێزەکانی ئەڵمانیا بتوانن ڕۆڵێکی کاریگەرتر و شوێندانەرتر ببینین لە بواری سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە عێراق ئامادەییان هەیە (هەرچەندە بەپێی یاسا ئەوە قەدەخە کراوە کە ئەڵمانیا چەک بۆ ئەو ناوچانە بنێرێت کە دۆخی شەڕدان، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە ناردنی چەک و تەقەمەنی پاڵپشتیی لە پێشمەرگە کردووە) و مەبەستی سەرەکییش ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بوو و ئەرکیشیان پاڵپشتی لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و بەتایبەتی ئەریکی ڕاوێژکارییە و بەم پێیەش ڕاهێنان و پڕچەککردنی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە بووە بۆ ئەوەی بتوانن بەرەنگاری هەڕەشەکانی داعش ببنەوە.
لەم بارەیەوە، د. پەرویز ڕەحیم قادر، دکتۆرا لە ئاسایشی نێودەوڵەتی و مامۆستا لە بەشی سیستەمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا، پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا لە کۆی ٦٦٦ پەرلەمانتار، ٥٥٥ نوێنەر دەنگیان دا بۆ درێژکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە عێراق. جێگەی ئاماژەیە کە لە کۆی گشتی ١١١ نوێنەر دژی داواکارییەکە بوون و یەک نوێنەریش بە سپی دەنگی دا. لەڕاستیدا ئەرکی سەربازی ئەڵمانیا لە عێراق بۆ ماوەی نۆ مانگ درێژ کرایەوە تا کۆتاییی مانگی تشرینی یەکەم ٣١ـی١٠ـی٢٠٢٢ و بۆ ئەم مەبەستەش بڕی ٧٢.٩ ملیۆن یۆرۆ بۆ خارجییەکانیان تەرخان دەکرێت. هەرچەند لە بڕیارەکەدا بڕگەیەکی هەڵسەنگاندنی تێدایە کە پێویستی مانەوەی ئەم هێزانە دەبێت و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.''
بە شێوەیەکی گشتی، ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە کە ئەرکی سەربازیی ئەڵمانیا لە عێراق بە ئامانجی ئەوەیە کە لە ڕێگەی ڕوانگەیەکی تۆڕییەوە بەشداری بکات لە هێنانەدی و چەسپاندنی "سەقامگیریی بەردەوام و گشتگیر لە ناوچەکەدا". بەپێی ئەم ڕەزامەندییە ژمارەی ئەفسەر و ڕاوێژکار و سەربازەکانی ئەڵمانیا دەتوانێت تاوەکوو ٥٠٠ کەس بەرز بکرێتەوە کە تەنانەت لە خولی ڕابردوودا هیج کات ئەم ژمارەیە بۆ ئەو ڕێژەیە بەرز نەبووەوە و ئەمەش دەڕبری هەستیاریی دۆخەکەیە بۆ هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و ناوچەکە.''
د. پەروێز ڕەحیم گوتیشی: ''ئامادەکارییەکە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی ئاسایشی و تەنانەت لەوانەیە بۆ ئەو مەبەستە بێت کە هێزەکانی ئەڵمانیا بتوانن ڕۆڵێکی کاریگەرتر و شوێندانەرتر ببینین لە بواری سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا. چونکە لە داواکارییەکەی حکوومەت بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی یاسادانەرانی ئەڵمانیا ئاماژە بە بەردەوامی و ئامادەی مەترسی و هەڕەشەکانی گرووپە جیهادی و تیرۆریستییەکان کراوە.''
ئەم دکتۆرایەی ئاسایشی نێودەوڵەتی زیاتر دەڵێت: '' ئەم ڕۆڵ و یارمەتیانەی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە، ئەڵمانیا هەستیارە لەهەمبەر هەر ناسەقامگیرییەک لە ناوچەکە، چونکە لە ڕووی جوگرافیاییەوە هەڕەشە لە ئاسایشی ئەو وڵاتەش دەکات و بەتایبەتی گرووپە تیرۆریستییەکان کە دەتوانن مەترسی بن بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئەڵمانیا لە ناوچەکە و لەناو خودی ئەڵمانیاش، ھەروەھا ئەڵمانیا لە ئەگەری بەردەوامبوونی شەڕ و ئاوارەبوونی خەڵکی ئەو ناوچانە زیانمەندی سەرەکی دەبێت، بەو پێیەی کە لە ساڵی ٢٠١٥ کارەساتێکی مرۆیی دروست بوو کە بووە هۆی درووستبوونی شەپۆلی مرۆیی کە زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەر بەهۆی ئاستی پێشکەوتن و خوشگوزەرانیی ئەو وڵاتە ڕوویان تێ کرد. ئەمەش ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایشی ئەڵمانیا دەکات، چونکە لە لایەک وڵاتانی تر پابەند نەبوون بە وەرگرتنی پەنابەران و ئەمەش گوشاری زۆری سیاسی و ئابووری لەسەر ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا (ئەنگێلا مێرکل) و پارتەکەی درووست کرد و لە لایەکی تریشەوە جگە لە ناکۆکیی نێوان وڵاتانی ئەورووپا لە ناوخۆی ئەڵمانیاش بووە هۆی مشتومڕ و لێکترازان و تەنانەت بەهێزبوونەوەی هێزە توندڕەو و ڕاستڕەوەکان. بۆیە بۆ ئەڵمانیا زۆر گرنگە کە لە ڕوانگەی ئاسایشی و سیاسییەوە هەموو توانایەکی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی کە ئەو ڕووداوانە دووبارە نەبێتەوە. باشترین میکانیزمیش ئەوەیە کە لە سەرچاوەی ئەو قەیرانانەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان بدرێت و هاوکاری ئەڵمانیا و تورکیاش سەبارەت بە پێشەکەشکردنی یارمەتی دارایی و مرۆیی هەر لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.''
دوو خاڵی تر ئەوانەن، بۆ ئەڵمانیا باشترین و گونجاوترین ستراتیژی ئەوەیە کە هێزە لەشکرییەکانی ڕاستەوخۆ لە هیچ جەنگێکەوە نەگلێن، بەڵکوو لەڕێگەی پێدانی ڕاوێژ و ڕاهێنان و پڕچەککردن و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و... هتدەوە، بەرەنگاری گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییەکان ببێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا هێزەکانی پێشمەرگە لە جەنگی دژی داعش ئەوەیان سەلماند کە ئەو هێزەن کە ئەگەر ڕاهێنانیان پێ بکرێت و پشتیوانیی ئاسمانی و تەنانەت لۆجستی بکرێن و چەکی پێشکەوتوویان هەبێت، دەتوانن بەرەنگاری هێزێکی گەورەی پڕچەک و مەترسیداری تیرۆریستیی وەکوو داعش ببنەوە، هەر ئەمەش وای کردووە، تاوەکوو ئێستا ئەرک و مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا درێژ بکرێتەوە.
لەڕاستیدا ئەم سیاسەتەی ئەڵمانیا بووەتە بەشێک لە ستراتیژیی ئەمەریکا و هاوپەیمانە نێوەدەوڵەتییەکانی جەنگی دژی داعش لە عێراق. چونکە ئەزموونی ڕابردوو سەلماندی کە کەڵکوەرگرتن لە هێزێکی وەکوو پێشمەرگە کاریگەرتر و کارامەترە لە بەشداری ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئەو وڵاتانە. ئەمە جگە لەوەی کە لەڕووی ئەزموون و ورەوە هێزی پێشمەرگە لە ئاستی نێودەوڵەتی توانی سەرنجی جیهان ڕابکێشێت و تەنانەت وەکوو جەنابی سەرۆک بارزانی بە دروستی لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی پێ دا، ئەفسانەی داعش (داعش لە سەرەتادا وەکوو ئەفسانەیەکی درووستکراو وێنای خۆیان کردبوو کە هێزێکی پۆڵایین و بڕوایین و وا خۆیان پێناسە دەکرد کە شکسپێهێنانیان مەحاڵە!) لەسەر دەستی هێزەی پێشمەرگە بە کەمترین و سادەترین چەک تێک شکێندرا. هەر ئەمەش بووە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەردەوامبوونی پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە.
هەر ئەو گیانبەختکردن و ئازایەتییەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە هۆی ئەوەی کە وڵاتان و بەتایبەتی ئەڵمانیا لەوە تێ بگەن کە پاڵپشتی لە پێشمەرگە جگە لەوەی کە دەتوانێت ڕۆڵی لە شکسپێهێنانی خەلافەتی داعش هەبێت، دەتوانێت ڕێگر بێت لە دووبارە سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونی داعش و هێزە توندڕەوە هاوشێوەکانی. ئەمەش وا دەکات کە ئەم یارمەتیانەی ئەڵمانیا بەردەوام بێت. لە لایەکی تریشەوە ئەو وڵاتانە و ئەڵمانیا بینییان کە ئەم یارمەتیانە (هەرچەندە وەکوو پێویست نەبووە و تەنانەت لەلایەن حکوومەتی عێراقیشەوە هەندێ جار ڕێگریی لێ کراوە) وای کردووە کە جگە لە بەردەوامیی جەنگی دژی داعش بەبێ بەشداریی ڕاستەوخۆی سەربازەکانی ئەڵمانیا، وا دەکات کە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئاسایشی پارێزراو بێت و ئەمەش هەم ڕێگەی لە سەرهەڵدانی لێشاوێکی تری مرۆیی بۆ سەر سنوورەکانی ئەورووپا گرت، یاخود لە داهاتوودا دەگرێت و هەم وای کرد کە هەرێمی کوردستان وەکوو ناوچەیەکی پارێزراو و خاون ئاسایش و سەقامگیری ببێتە هەرێم و ناوچەیەکی ئارام و پەناگە و نەوایەک بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر. ئەمەش کرۆکیی ستراتیژی هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەڵمانیا بوو کە لەڕێگەی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەوە دەستەبەر کرا و تاوەکوو ئێستاش دەکرێت.
لە کۆتاییدا زۆر پێویست و گرنگە کە بەردەوام بەبیر هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕای گشتیی وڵاتان بهێنینەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە جگە لە جێبەجێکردنی ئەرکی پاراستنی کوردستان و بەدەستهێانی پشکی شێر لە شکستپێهێنانی خەلافەتی داعش و تیرۆریستان، لەڕاستیدا لەجیاتی هەموو جیهان شەڕیان کرد و ئەگەر قارەمانیەتیی پێشمەرگە نەبووایە، لەوانەیە بارودۆخی عێراق و سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئاسایشی وڵاتانی ئەورووپاش بە دۆخ و شێوەیەکی تراجیدیدا تێپەڕ دەبوو.
فایزە کۆیی




