ئاشتی کۆچەر: پەکەکە و ھەندێ ھێزی حەشد لە سنوورەکان ھاوکارن بۆ دزەکردنی داعش

شنگال -KDP.info- بەرپرسی لقی شنگالی پارتی ئاشکرای کرد، بەشێک لەو چەکدارانەی لە سنووری سووریاوە دێنە نێو خاکی عێراق بەرامبەر بە بڕێک پارە لەلایەن چەکدارانی پەکەکە و بەشێک لە حەشدی شەعبیەوە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت.
ئاشتی کۆچەر، بەرپەرسی لقی ١٧ی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی شنگال لە چەند لایەکەوە ئاڵۆزە، چونکە ژمارەیەک لایەنی سەر بە حەشد و پەکەکە دەستیان بەسەر شنگالدا گرتووە و ڕێگە نادەن حکوومەتی عێراق ھیچ دەسەڵاتێکی ھەبێت لە قەزاکە، واتە ئەوەی ئێستا لە شنگال دەسەڵاتدارە بەشێک لە لایەنی حەشد و ھێزەکانی سەر بە پەکەکەن، نەک حکوومەتی عێراق و ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق.''
بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دەڵێت: "دوای شکاندنی زیندانی غوێران، مەترسیی زیاتر بووە، چونکە ھەندێ ھێزی سەر بە حەشد و چەکدارانی پەکەکە لە سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا ئاسانکارییان بۆ دزەکردنی چەکدارانی داعش کردووە و بەشێک لەو چەکدارانەی دەستگیر کراون ئێستا لە زیندانەکانی عێراقن و دانیان بەوەدا ناوە بەرامبەر بە پێدانی پارە لەلایەن پەکەکەو ھەندێ لایەنی حەشدەوە ڕێگەیان پێ دراوە بێنە نێو خاکی عێراقەوە.''
ئاشتی کۆچەر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەگەر ڕەوشی شنگال ئاسایی نەکرێتەوە، کارەساتی گەورەتر دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی ھەبوونی ئەو ھەموو ھێزە جیاوازە لە دەڤەری شنگال وەک بۆمبێکە، ھەرکاتێک بتەقێتەوە کارەساتی لێ دەکەوێتەوە، بەداخەوە تا دێت مەترسییەکان زیاتر دەبن، پێویستە حکوومەتی عێراق لە شنگال ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.''
قائید میرۆ




