داوا لە ھەموو ئەوانە دەکەین کە دامەزراندن دەیانگرێتەوە سەردانمان بکەن

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند، دوای فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان، دامەزراندنیان دەستی پێکرد و ئێستا دەستیان بە مامەڵە کردووە. دەشڵێ: "داواکارین بە زووترین کات سەردانمان بکەن، بۆ ئەوەی مامەڵەکانیان تەواو بکەن و دەستبەکار بن".
دکتۆر جەوھەر فەتاح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پاش فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی سێ یەکەمەکانی ساڵی ٢٠١٦_٢٠١٧ دابمەزرێن، لە ئێستادا رێنماییمان بۆ ھاتووە و دەست بە مامەڵەکانیان دەکەن، بۆیە داوا لە ھەموو ئەوانە دەکەین کە فەرمانەکە دەیانگرێتەوە، بێن سەردانمان بکەن و مامەڵەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی دابمەزرێن و دەستبەکار بن".
فەتاح گوتیشی: "لە زانکۆی سەڵاحەددین ٨٠ بەشمان ھەیە، کە نزیکەی ٢٤٠ کەس دادەمەزرێن و پێویستە ھەر یەکێک بێت مامەڵەی خۆی بکات و ئێمەش واژۆی لەسەر دەکەین، کە دواتر دەستبەکار دەبێت و دەوامی خۆی دەکات".
دەشڵێ: "داواکارین بە زووترین کات بێن سەردانمان بکەن، بۆ ئەوەی بە زوویی مامەڵەکانیان تەواو بکەن، چونکە ھەندێک رێکاری پێویستە، لەوانە، ئەوەی دامەزرێت پێویستە کارتی ڤاکسینی پێ بێت".
لای خۆشیەوە، قوتابییەکی سێیەمی سەر ئاستی پەیمانگا و دەرچووی ساڵی ٢٠١٦_٢٠١٧ بە ناوی (نادیە ئیبراھیم)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئاگادار کراینەوە کە ئەمڕۆ بچین دەست بە مامەڵە بکەین بۆ دامەزراندن و هەر ئەمڕۆش مامەڵەکانمان دەست پێکردووە، ھەر کاتێکیش تەواو بووین لە مامەڵەکان، دەستبەکار دەبین و دەوامی ئاسایی خۆمان دەکەین".
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، فەرمانی دامەزراندنی بە شێوەی ھەمیشەیی بۆ سێ یەکەمەکانی ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧ لەسەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان دەرکرد و ژمارەی دەرچووانیش ھەزار و ٦٨٥ کەسە.
بڵند ئیبراھیم




