٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەت: سایلۆكان و ئاشەكان خۆیان ئامادە دەكەن بۆ وەرگرتنی گەنمی ساڵی نوێ

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دەست بە وەرگرتنی بەشی یەكەمی گەنم و دابەشكردنی سەبەتە خۆراكی یەكەمی ساڵی تازە دەكرێت.

دەربارەی سەبەتە خۆراك و ئارد لە ساڵی تازەدا، ( نەوزاد شێخ كامل) بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان  ڕایگەیاند: "بەردەوامین لە دابەش كردنی سەبەتەی خۆراكی ساڵی ڕابردوو، كە تا ئێستا بەشێكی كەمی ماوە بگاتە كۆگاكان و ڕۆژانە دوای گەیشتنیان راستەوخۆ دابەش دەكرێت".

ئاماژەی بەوەش دا، سەبەتەی خۆراكی یەكەمی ساڵی نوێش هەندێكی گەیشتووە و دوای پشكنینی لە تاقیگەكانی هەرێمی کوردستان، لە نزیكترین كات دابەش دەكرێت.

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: "دابەش كردنی بەشە ئاردی دەیەم لەقۆناغی كۆتاییدایە لە هەموو شارەكان و بەهۆی بارینی باران و خراپ بوونی ڕێگاوبانەكان هەندێك لە ناوچەكان دواكەوتوون لە وەرگرتنی، لە نزیكترین كاتدا ئەوبەشە ئاردە بە تەواوی دابەش دەكرێ".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئەوەشی خستە ڕوو، سایلۆكان و ئاشەكان خۆیان ئامادە دەكەن بۆ وەرگرتنی بەشی یەكەمی گەنم بۆ ساڵی نوێ، لە ئایندەیەكی نزیكدا لە هەرێمی كوردستانیش دەست بە دابەش كردن دەكرێت، گوتیشی:ٓ "هاووڵاتیانی خۆشەویستیش دڵنیا دەكەینەوە، كە پرۆسەی دابەشكردنی خۆراك و ئارد بەسەر هاووڵاتیان لە ڕێگای بریكارەكان بەردەوام دەبێت".

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار