هۆشیار زێباری کاندیدی زۆرینەی کوردستانی و عێراقییەکانیشە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا رایدەگەیەنێت، دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بووە ھۆی ئەوەی جارێکی دیکە لایەنەکان دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە. دەشڵێ: "کاندیدی ئێمە بۆ سەرۆککۆمار، بووەتە کاندیدی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و عێراق و، رێککەوتنێکی باشیش بۆ سەرخستنی کراوە".
رێناس جانۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، دەستپێشخەریی سەرۆک بازانی رەنگدانەوەی زۆری لە شەقامی عێراقی ھەبووە و زۆر بەرز دەینرخێنن، کە ئەنجامەکەی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی ئیجابی دەبێت نەک تەنھا بۆ قۆناغێک، بەڵکو بۆ داھاتووش دەستپێشخەرییەکی نموونەییە، بۆیە ھەمووان پێشوازی لێ دەکەن".
جانۆ گوتیشی: "ئەو دەستپێشخەرییە بووە ھۆی ئەوەی رێگا بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنەکان خۆش بکات، کە گەیشتبوونە بنبەست لە گفتوگۆ، چونکە بەردەوام شەقامی عێراقی باس لەوە دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستە لایەنێکی دەرەکی دەستوەردان بکات، بەڵام ئەمجارە سەرۆک بارزانی ئەو دستپێشخەرییەی کرد و خەڵکیش زۆر پێی خۆشە، بۆیە ئەمە وا دەکات جارێکی دیکە لایەنەکان دەست بە گفتوگۆکان بکەنەوە بۆ پێکھێنانی حکوومەت".
ئەو ئەندامەی شاندی پارتی بۆ بەغدا ڕوونیشی کردەوە: "رێککەوتنێکی باشمان بۆ کاندیدی کورد ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردووە، چونکە نوێنەرایەتیی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات و کاندیدی ئێمەش، کاندیدی زۆرینەی کوردستانی و عێراقییەکانیشە".
جانۆ باسی لەوەش کرد: "رۆژانە گفتوگۆمان لەگەڵ لایەنەکان هەیه و ھێڵی سوورمان لەگەڵ چ لایەنێک نییە و ئەوانیش بە ھەمان شێوە، کوتلەی چوارچێوەی ھەماھەنگیش پشتگیری لە ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکەن، چونکە لە قازانجی ئەوانیشدایە".
دەشڵێ: "ئێمە و یەکێتی ھەریەکەمان کاندیدی خۆمان ھەیە و کاری بۆ دەکەین، کە پرۆسەیەکی دیموکراسییە و ھەر یەکە ھەوڵ بۆ سەرکەوتنی کاندیدی خۆی دەدات".
بڵند ئیبراھیم




