٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیرەک کەمال بۆ KDP: کورد خاڵێکی گەشی پێشان دا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی بۆ دەربازکردنی عێراق لەو تەنگژەیەی تێیکەوتووە، دەستپێشخەرییەکی ڕاگەیاندووە، چاودێرێکی سیاسیش دەڵێ، لایەنە عێراقییەکان پێشوازییان لێ کردووە و دیراسەی دەکەن.

زیرەک کەمال، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەستپێشخەرییەکەی کاک مەسعوود و کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ موقتەدا سەدر، دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو و ئەو ڕاستییەی سەلماند، کە ئەگەر بڕیارە عێراقییەکان بەیەکەوە بژین، دەبێ لە چوارچێوەی دەستووردا کار بکەن، کە بێگومان سەقامگیریی سیاسیی کوردستان، بەندە بە سەقامگیریی بەغداوە، یەکێتیی بەغداش، بەندە بە هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە لە کاتی تەنگژە و ئاڵۆزییەکان هەردوولا دەتوانن هاوکاری یەکتری بن".

کەمال دەڵێ: "کورد خاڵێکی گەشی پێشان دا بەوەی کە بە تەنگ ئاشتی و تەباییەوەیە لە عێراقدا، دەستپێشخەرییەکەی کاک مەسعوودیش ئەوەی پێشان دا کە لە کوردستان ئارەزووی ئەوە هەیە عێراقییەکان پێکەوە کار بکەن لە چوارچێوەی دەستووردا، ئەوەش دەکەوێتە سەرشانی لایەنی بەرامبەر، موقتەدا سەدر دەستپێشخەرییەکەی وەرگرتووە، بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی کوتلەی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی، دیراسەی دەکەن و کاری لەسەر دەکەن، موقتەدا سەدریش چەند پێشنیازێکی ڕاگەیاند بۆ چارەسەری کشەکان، کە لە جێگری سەرۆککۆمار و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزارەتەکاندا، جێگە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەنەوە".

"پێشوازیی موقتەدا سەدر لە شاندەکە و دەستپێشخەرییەکە، خۆی لە خۆیدا دەلالەت لەوە دەکات، کە دەستپێشخەرییەکەی کاک مەسعوود قبوڵ کراوە، کە کاریگەریی گەورەی هەبوو و موقتەدا سەدریش بەرنامەی داناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیان و چوارچێوەی هەماهەنگی". زیرەک کەمال وای گوت.

ناوبراو گوتیشی: "کورد چۆن هەوڵی ئاشتەوایی نێوان لایەنە عێراقییەکان دەدات، ئاواش لە ناوخۆی خۆمان پێویستمان بە ڕێکخستنەوەی ناوماڵی خۆمان و یەکگوتاری هەیە، بە تایبەت لە نێوان یەکێتی و پارتیدا".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار