پرۆژه‌یه‌کى ئاو له گه‌رمیان جێبه‌جێ ده‌کرێت

گەرمیان -KDP.info- بڕى 830 ملیۆن دینار بۆ چاره‌سه‌رکردنى گرفتى ئاو له ناحیه‌ى باوه‌نوور له گه‌رمیان ته‌رخان کراوە و ئێستا ڕێکاره ئیدارى و یاساییه‌کان بۆ جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌که ده‌ستی پێ کردووه.
سالار عه‌زیز، وته‌بێژى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیى ئاوى ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "به‌ڕێوبه‌رایه‌تیى ئاوى گه‌رمیان به هاوکاریى ئیداره‌ى گه‌رمیان سه‌رقاڵى جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌یه‌کین بۆ ناحیه‌ى باوه‌نوور و گونده‌کانى ده‌وربه‌رى، پرۆژه‌که به دیاریکراوى بریتییه له دروستکردنى پاڵاوگه‌یه‌کى گه‌وره‌ى ئاو بۆ دانیشتووانى ناحیه‌که و گونده‌کانى ده‌وربه‌رى که ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه گرفتی که‌میى ئاو یه‌کێک بووە له کێشه به‌رده‌وام و سه‌ره‌کییه‌کانى هاووڵاتییان له ناوچه‌ى باوه‌نوور (پێباز)، بۆیه خۆشبه‌ختانه ئێستا لەلا‌یه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمه‌وه بڕى 830 ملیۆن دینارى بۆ ته‌رخان کراوه که بە دوو قۆناغ جێبه‌جێ ده‌کرێت".
گوتیشى: "ئێستا ڕێکاره ئیدارى و یاساییه‌کان بۆ جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌که ده‌ستی پێ کردووه و ته‌نده‌رینى پرۆژه‌که دراوه به کۆمپانیاى تایبه‌تمه‌ندى بواره‌که و له ئاینده‌یه‌کى نزیکدا هه‌نگاوه کردارییه‌کان ده‌ست پێ ده‌کات".
ڕوونیشى کرده‌وه: ''هه‌رچه‌نده ده‌بوو چه‌ند ساڵێک پێش ئه‌م واده‌یه‌ى ئێستا پرۆژه‌که جێبه‌جێ بکرایه، به‌ڵام به‌هۆى ئاماده‌نه‌بوونى کۆمپانیاکان بۆ وه‌رگرتنى پرۆژەکه و مه‌ترسییان له قه‌یرانى درایى بۆ ئێستا دوا که‌وت".
ئه‌رسەلان ئه‌حمه‌د




