٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری هەولێر: ئەوە تەنها دەنگۆیە.. بەشێک لەو شوێنانە کاری نەشیاویان تێداکراوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بابه‌تی بەکرێدانی شەقامەکانی هەولێر گرێبەستێکە لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و کۆمپانیایەک و بۆ ساڵی 2017دەگەڕێتەوە، بەڵام جیاوازی نییە لەنێوان هەولێر و پارێزگاکانی دیکە، هەرگیز کارێک ناکەین زیان بە هاووڵاتیان بگەیەنێت.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرسی بەکرێدانی شەقامەکانی هەولێر، پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانییەوە هەیە، گرێبەستێک هەیە لەنێوان وەزارەت و کۆمپانیایەک کە مێژوەکەی بۆ ساڵی 2017دەگەڕێتەوە، ئەوەی ئێستا هەیە تەنها دەنگۆیە، ئەوەندەی ئاگاداربم وەزارەت سەرقاڵی پێداچونەوەی ئەو پرسەیە، بەڵام پێتان رادەگەیەنم هەولێر جیاوازی نییە لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە، هەرگیز ئێمە کارێک ناکەین زیان بە هاووڵاتیانی خۆمان بگەیەنین.

په‌یوه‌ست بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەپۆستی ژمارەیەک لە شارەوانیەکانی سنووری هەولێر، ئومێد خۆشناو رایگەیاند، گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکان کارێکی ئاساییە، بەشێکیش لەسەرۆک شارەوانییەکان بەهۆی کەمتەرخەمیان لە روداوی لافاوەکەی شاری هەولێر دورخراونەتەوە، بەشێکی دیکەشیان زۆر باش بوون و بۆیە دوردەخرێنەوە تا لەشوێنی دیکە سوودیان لێوەربگیرێت.

هاوکات، سەبارەت بە داخستنی بەشێک لەیانەکانی شەوانە لە هەولێر رایگەیاند، بەشێک لەو شوێنانەی داخراون مۆڵەتی کافتریایان بۆ وەرگیراوە، بەڵام کاری نەشیاویان تێداکراوە، لەوڵاتی ئێمە کاری لەشفرۆشی و قومارکردن بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، بەمەبەستی رێگریکردن لێی ئەو هەڵمەتانەمان ئەنجامداوە و بەردەوامیش دەبێت.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی، کەسایەتییە ئاینی و هاووڵاتیانی عەنکاوە دەستخۆشیان لێکردوین، هەر کارێکی دیکەی نایاسایی لەسنووری هەولێر ئەنجامبدرێت راپێچی بەردەم یاسایان دەکەین.

 

ڕامان وریا

 

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار