شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ KDP: کۆبوونەوەکە یەک کاتژمێریش دواناخرێت

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواو بۆ کۆبوونەوەی حەوتی مانگ کراوە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق و، کۆبوونەوەکەش لە کاتی خۆیدا دەکرێت و یەک کاتژمێریش دواناخرێت، چونکە ھەموو رێکارەکان تەواو بوون.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی ناوی کاندیدانی سەرۆککۆماری عێراق یەکلا کرایەوە و بە فەرمی راگەیەندران، ئێمە وەکو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ھەموو رێکارە تەکنیکییەکانمان تەواو کردووە و ئامادەکاریی تەواویشمان بۆ کۆبوونەوەی حەوتی مانگ کردووە، کە لە کاتی خۆیدا کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت و یەک کاتژمێریش دواناخرێت، چونکە ھیچ ھۆکارێک بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکە نییە".
عەبدوڵڵا گوتیشی، لە کۆبوونەوەی حەوتی مانگدا سەرۆککۆماری نوێی عێراق لە پەرلەمان ھەڵدەبژێرن، چونکە ئەوان بەپێی دەستوور کاری خۆیان دەکەن و ناتوانن کاتی کۆبوونەوە دوابخەن و ھیچ پەیوەندییەکیشیان بە ناکۆکیی نێوان لایەنەکانەوە نییە.
سەرۆککۆماری نوێی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی پێویستی بە ٢٢٠ دەنگ ھەیە و ئەگەر کەس ئەو دەنگەی بەدەست نەھێنا، ئەو دوو کەسەی زیاترین دەنگیان بە دەست ھێناوە، دەچنە جەولەی دووەم، ئەوکات کامە زۆرینەی بەدەست ھێنا، دەبێتە سەرۆککۆماری داھاتووی عێراق.
بڵند ئیبراھیم




