٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی ١٨ھەمین ساڵیادی کارەساتی یەکی شوبات لە ھەولێر دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info-  بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ ئەوەی سبەی یادی یەکی شوبات بە ڕێکاری خۆپارێزی دژی کۆرۆنا و لەسەر ئاستی باڵا و بە ئامادەبوونی کەسوکاری شەھیدان بکرێتەوە کە ساڵانە ئەو یادە دەکرێتەوە.

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەرەڤان حەمدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سبەی ١٨ ساڵ بەسەر کارەساتی یەکی شوباتدا تێپەڕ دەبێت کە ساڵی ٢٠٠٤ لە دوو کردەوەی تیرۆریستیدا لە شاری ھەولێر لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرانە ئامانج و، بەو ھۆیەوە ١٠٣ کەس شەھید بوون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون.''

بەرەڤان حەمدی گوتیشی: ''ئەو بیرەوەرییە ساڵانە زیندوو دەکرێتەوە لە مۆنۆمێنتی شەھیدانی یەکی شوبات لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان و بۆ ئەمساڵ بەھۆی ڕێکاری خۆپارێزییەوە بە ڕێنماییی تەندروستی و پشکنینەوە تەنھا ڕێوڕەسمی تاجەگوڵینە دەبێت و لەسەر ئاستی باڵا ڕێوڕەسمی بیرەوەرییەکە بەڕێوە دەچێت و ئامانجی سەرەکییش لەو بیرەوەرییە ئەوەیە کە خوێنی شەھیدان بووەتە ھەوێنی تەبایی و یەکڕیزی و پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا بۆ نیشاندانی پەیامی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە کە دژی تیرۆر و تیرۆریستانە و ئەوەی کە لەگەڵ ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیانی کوردستان و ناوچەکە و جیھانداین، ھەربۆیە ساڵانە ئەم بیرەوەرییە بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدانی یەکی شوبات و قوربانیانی تیرۆر بەڕێوە دەچێت.''

حەمدی باسی لەوەش کرد: ''لەو ڕێوڕەسمەدا ھەموو ڕێکارەکانی خۆپارێزی دژی کۆرۆنا گیراوەتە بەر و بە بەشداریی کەسوکاری شەھیدان ڕێوڕەسمی یادی یەکی شوبات بەڕێوە دەچێت.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار